سەردێڕ:

سلێمانی.. کردنەوەی خواردنگەکانی شاورمەى سوری بە ڕێژەیەکى بەرچاو زیادیان کردووە

فۆتۆ: 
2019-01-28

2068 جار خوێندراوەتەوە

ڕەنگە ئێستا لە ناو فاست فوودەکاندا لە سلێمانی هیچ خواردنێک شان لە شانی شاورمەی سوری نەدات، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئەم جۆرە خواردنە و کردنەوەی دەیان خواردنگەی شاورمە لە شاری سلێمانیدا کە زۆربەیان وەستا و شارەزای سوریی و کوردانی ڕۆژئاوا دروستی دەکەن.

هەرچەندە دروستکردن و خواردنی شاورمە چەندین ساڵە لە سلێمانی هەیە، بەڵام لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هاتنی زۆرێک لە کوردانی ڕۆژئاواوە شارەکە دەیان خواردنگە و شوێنی فرۆشتنی شاورمەی سوری کراونەتەوە.

فرۆشیار و وەستاکانی دروستکردنی شاورمە دەڵێن خەڵکی سلێمانی ئارەزوویەکی تایبەتیان بۆ خواردنی خۆش و بەتام هەیە و لەنێویشیاندا شاورمە یەکێکە لەو خواردنانەی کە خەڵکانیکی زۆر ڕوویان لە خواردنی کردووە، دەشڵێن شاورمەی سوری چەند جۆرێکی هەیە و بە چەندین شێوازیش دروست دەکرێت

بەهۆی زیادبوونی ئەم خواردنگانەوە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەڵێن ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ پێدانی مۆڵەت و چاودێریکردنیان بە تایبەت لە ڕووی تەندروستییەوە.

شاورمەی سوری مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر. خواردنەکەش زیاتر لە گۆشتی ئاژەڵ و مریشکیش دروست دەکرێت و بە چەندین شێواز ئامادە دەکرێت، لەگەڵ هاتن و ئاوارەبوونی زۆرێک لە سورییەکان و کوردانی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان شاورمەی سوریش وەک کلتورێکی تایبەت زیاتربەخەڵکی ناوچەکە ئاشنابووە