سەردێڕ:

تەڤگەری ئازادی: هەڵکوتانە سەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بێ پاساواوە و ئیدانەی دەکەین

لۆگۆی تەڤگەری ئازادی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-27

1831 جار خوێندراوەتەوە

تەڤگەری ئازادی  ئیدانەی هەڵکوتانە سەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک و دەستگیرکردنی تیمەکانی کرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەو کارەشی بە شکاندنی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و هەموو دەزگایەکی میدیایەکی ئازاد ناوبرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا تەڤگەری ئازادی ئەمڕۆ یەکشەممە ( ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاند " دەسەڵات هەر چۆنێک بیەوێت ئەو یاسایە بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کار دەهێنێت. بۆ داخستنی هەر کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەرخەت نەک لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە ئەو کارە بکرێت".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵکوتانە سەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە هەر پاساوێک بێت پێشێلکاریی ڕوونە لە دژی مافی ڕۆژنامەوانان و ئازادی ڕادەبڕینە و بە هەموو شێوازێک ئیدانە دەکەن.

 لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دەسەڵات هەر کاتێك زانی دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە بەرژەوەندی ئەو لێدوان نادات، فشار دەخاتە سەر ئەو دەزگایەوە و نایەوێت بەردوام بێت لە کارکردن. ئێن ئاڕ تی بە گوێرەی یاسای ڕۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستان کاریکردووە، بەڵام ئەوە ناسروشتییە کە هەڵبکوتیتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەستبکەیت بە ڕەشبگیریی میدیاکاران".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاندووە، پێوستە بە زووترین کات هێزە ئەمنییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، لە پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان نەک داخستنی نوسینگەی کەناڵی  ئێن ئاڕ تی.

ئێوارەی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیانگرت بەسەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لەو شارە و کارمەندەکانیان بەزۆر ڕەوانەی ماڵەوە کردەوە، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک لەلایەن ئاسایشەوە بانگکرا و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستبەسەرکرا.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە (٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ناحیەی شێلادزێدا ، ئێن ئاڕ تی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕووداوەکانی گواستەوە.

ع.م