سەردێڕ:

عێراق بڕی ٢ ملیۆن دیناری بۆ هەر ئافرەتێکی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش تەرخانکرد

فۆتۆ: 
2019-01-27

1747 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی بڕی دوو ملیۆن دینار بە هەر هاووڵاتییەکی ئافرەتی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی بڕی ٢ ملیۆن دیناری بۆ هەر هاووڵاتییەکی ئافرەتی ڕزگار بووی دەستی ڕێکخراوی داعش تەرخانکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بڵاویکردەوە، لە میانی سەردانێکیدا بۆ قەزای تلکێفی سەر بە پارێزگای نەینەوا، نەوفل بەهاء موسا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەختیکردەوە، ئافرەتە ئێزدییەکان ڕووبەڕووی کارەسات بوونەتەوە و وەزارەتەکەی لە پاڵیاندا دەوەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بڕی دوو ملیۆن دینار بۆ هەر ئافرەتێکی ئێزدی  ڕزگاربووی دەستی داعش تەرخانکراوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ و لە دوای کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری لەسەر دەستی چەکدارانی داعش، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەت و کچی ئێزدی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە بە بارمتە بران و ژمارەیەکیشان لە بازاڕدا لەناو چەکدار و ئەمیرەکانی ئەو ڕێکخراوەدا کرێن و فرۆشتنیان پێکرا، بەشێکی زۆریشیان ڕووبەڕووی دەستدرێژی وتوندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونی بوونەوە.

ع.م