سەردێڕ:

موقتەدا سەدر و قاسم سلێمانى لەسەر وەزارەتى ناوخۆی عێراق رێکدەکەون

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپاى پاسدارانى ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-26

10253 جار خوێندراوەتەوە

پەڕلەمانى عێراق بەبێ پڕکردنەوەى وەزارەتە بەتاڵەکان پشوى وەرزى یەکەمى خۆى راگەیاند و میدیاکانى لوبنانیش ئاشکرایانکرد کۆبونەوەی نهێنى نێوان موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپاى پاسدارانى ئێران لە شارى بەیروت لەبارەى تەواوکردنى کابینەى عادل عەبدولمەهدی بە ئەرێنى کۆتاییهاتووە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى رۆژنامەى ئەخبارى لوبنانى و ژمارەیەک میدیاى عێراقى بڵاویانکردووەتەوە، خەمڵاندنە بەراییەکانى دیدارى "نهێنى" ئەمدواییەى نێوان موقتەدا سەدر و قاسم سلێمانى ئاماژە بەوە دەکەن لەرۆژانى داهاتوودا گرێى تەواوکردنى حکومەتى عێراق بەرەو کرانەوە دەڕوات بەجۆرێک کە خواستەکانى سەدر بەجێبهێنێت لەبارەى پڕکردنەوەى وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ.

ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لەوەزارەتى ناوخۆ، سلێمانى و سەدر کە نوێنەرایەتى دوو جەمسەرى جیاواز دەکەن لەسەر کۆمەڵێک پرسی دیکە پێکهاتوون کە رۆژانى داهاتوو دەردەکەوێت و بەگشتى "دیدارەکە پۆزەتیڤ بووە" و بەشێوەیەکى گشتى هەردوولا لەبارەى وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ قسەیان کردوە کە لەمپەرى بەردەم تەواوکردنى کابینەکەى عەبدولمەهدین.

بەپێى زانیارییە دزەپێکراوەکانى کۆبونەوەکە، سەدر و سلێمانى باسى چۆنییەتى جێبەجێکردنى لێکگەشتنى نێوان سائیرون و فەتحیان کردوە لەبارەى پرسەکانى پەیوەست بە حکومەت و لەدیدارەکەدا سەدر رێز و پێزانینى خۆى بۆ فالح فەیاز دەربڕیوە و وتویەتى، جگە لەناوخۆ هیچ لارییەک نییە لەپۆستەکانى خۆیدا بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک سەرچاوەى عێراقى ئەمرۆ شەممە ( ٢٦ کانونى دووەمی ٢٠١٩) ئاشکرایانکرد کە سەدر پاش بزربونێکى دوو مانگى گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەى خۆى لەحەنانەى نەجەف و دەستى بەچالاکى کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان خستۆتەڕوو کە ونبونى سەدر بەهۆى ناڕەزایی ناوبراوەوە بووە لەڕەوتى دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەتى عەبدولمەهدى.

جێگەى ئاماژەیە، ئەمرۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆتاییهاتنی وەرزی یاسادانانی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەى لەم وەرزەدا چوار وەزارەتە بەتاڵەکەى کابینەى عادل عەبدولمەهدى پڕبکرێنەوە کە وەزارەتەکانی پەروەردە و بەرگرى و ناوخۆ و دادن.

ش.ق