سەردێڕ:

شارەزوور.. بەھۆی زۆری بەفر و بارانەوە ‌دانەوێڵەی جوتیاران زیانی بەرکەوتووە

پەیدابوونی جۆرە مێروویەک مەترسی گەورەی دروستکردووە
بەھۆی زۆری بەفر و بارانەوە ‌دانەوێڵەی جوتیارانی شارەزوور زیانی بەرکەوتووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-26

2242 جار خوێندراوەتەوە

زیادبوونی رێژەی بەفر و بارانبارینی مانگی رابردوو، زەرەر و زیانی زۆری داوە لەبەشێک لەدانەوێڵەی ناوچەی شارەزوور.

جوتیارێکی گوندێکی نزیک سەیدسادق نزیکەی ١٥ دۆنم زەوی کردووە بەگەنم و بەھۆی زۆری بارانەوە بەشێک لەبەرھەمەکەی لەناوچووە، ئەو جوتیارە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر حکومەت ھاوکاریان نەکات لەپێدانی دەرمان و سەمادی کیمیاوی، ئەوا کۆتایی ئەمساڵ مایەپوچ دەبن.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم، تا ناوەراستی ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی ٥٥٦ ملم باران باریوە.‌

ساڵانە وەرزی بارانبارین لە ھەرێمی کوردستان لە کۆتای مانگی ئەیلولەوە دەستپێدەکات و تا کۆتای مانگی نیسان بەردەوام دەبێت بڕی بارانیش لە ناوچەکاندا جیاوازە.

بەردەوامی بارانبارینی ئەمساڵ وایکردووە بەشێک لە جوتیاران نەتوانن لە کاتی خۆیدا زەوییەکانیان بکێڵن، ھەروەھا زۆری رێژەی بارانیش بووەتەھۆی پەیدابوونی جۆرە مێروویەک کە مەترسی گەورەی بۆسەر دانەوێڵەی ئەمساڵ دروستکردووە.

بەپێی ئامارەکان، لە١٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەسنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە٥ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم، ساڵانە پشت بە ئاوی باران دەبەستێت بۆ بەرھەمھێنان.

بەرپرسانی کشتوکاڵی سلێمانیش ئەوەدەخەنەروو، بەھۆی زۆری بارانبارینەوە پێدەچێت بەشێک لەبەرھەمی دانەوێڵە توشی نەخۆشی و فەوتان ببێت.

سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەڵام ماوەی چوار ساڵە ھەرێم گەنمی لە پێداویستیی خۆی زیاتر بەرھەم ھێناوە، بەڵام پێدەچێت ئەمساڵ بەھۆی زۆری باران و نەخۆشیە کشتوکاڵیەکانەوە بڕی بەرھەم کەمبێتەوەو لەدەرەوە دانەویڵە ھاوردە بکات.

ش.ق