سەردێڕ:

عەبدولمەهدى هەڵوێستى حکومەتەکەى لەسەر پەسەندکردنی بودجە راگەیاند

پەسەندکردنی بودجەی عێراق
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-24

11676 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠١٩ی عێراق کرد و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلانی عێراق کرد.

داواشیکرد، پەسەندکردنی بودجە ببێت بە هاندەر و تەواوکەری هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەت تاکو بتوانن خزمەت بە هاوڵاتیانی عێراق بکەن.

عەبدولمەهدی رایگەیاند، خۆشحاڵن بە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراق و پەرلەمان کە وەهای کرد دەنگدان لەسەر بودجە بەسەرکەوتوویی تەواو ببێت و بودجەی ئەمساڵی عێراق پەسەند بکرێت.

راشیگەیاند، ئەگەر هەوڵی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەوڵ و ماندووبوونی ئەندام پەرلەمانەکان، لیژنەکانی پەرلەمان و بەتایبەت ئەندامانی لیژنەی دارایی نەبوایە، زەحمەت بوو لەم دۆخە سەختەدا بودجەی ٢٠١٩ بەسەرکەوتووی تێبپەڕێنرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی لێکتێگەیشتن و دڵسۆزیی لایەنە سیاسییەکان و حکومەتە خۆجێییەکانیشی کرد کە یارمەتیدەربوون بۆ ئەم سەرکەوتنە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت لە نزیکترین کاتدا بەندەکانی پڕۆژە یاسای بودجە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەربارەی پڕۆژە یاسای ٢٠٢٠یش ئاشکرایکرد، بودجەى ٢٠٢٠ جیاواز دەبێت و لەبرى بڕگە و مادە هى پرۆژە دەبێت.

ع.ا