سەردێڕ:

سەرکەوت شەمسەدین: فوئاد حسێن لە کاتى تاوتوێی بودجەدا لە پەرلەمان ئامادە نابێت و چووەتە دەرەوەی وڵات

لە داڤۆسی سویسرایە
فوئاد حسین وەزیری دارایی عێراق لە داڤۆسی سویسرا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-23

5211 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا پەرلەمانى عێراق تاوتوێى تێپەڕاندنى پڕۆژە یاسایی بودجەی ٢٠١٩ دەکات بەڵام فوئاد حسێن وەزیرى دارایى عێراق کە کوردە لەگەڵ چەند ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە دەرەوەى وڵاتن.

سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، جێگەی داخە فوئاد حسێن وەزیری دارایی لە ئێستادا بەغدای جێهێشتووە، کە پرۆژە یاساکە پەیوەستە بە وەزارەتەکەی ئەوەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەزیری دارایی عێراق لەلایەن بارزانییەوە دانراوە و دەبوو ئێستا لە پەرلەمانی عێراق بوایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجە.

زیاتر لە مانگێکە فراکسیۆنەکانى پەرلەمان تاوتوێى تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساى بودجەى ٢٠١٩ دەکەن، بۆئەوەى بێ کەموکوڕى ڕەزامەندى و تێبینیەکانى هەموانى لەسەر وەربگیرێت تاوەکو دەنگى لەسەر بدرێت و تێپەڕێنرێت.

نوێنەرانى کورد دەیانەوێت بەشە بودجەى هەرێم لەسەدا ١٧ کەم نەکرێتەوە تا سەرژمێرى دەکرێت، موچەى پێشمەرگە و فەرمانبەرانیش لەدەرەوەى ڕێککەوتنى نەوتى هەرێم و بەغدا بێت و نەبەسترێتەوە بە هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنەکانەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە فواد حسێن وەزیرى دارایى عێراق و چەند ئەندامێکى لیژنەى دارایى، کە لایەنى یەکەم و بەرپرسن لە چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ بودجە، چونەتە دەرەوەى وڵات و بەشدارییان کردوە، لە کۆڕبەندى ئابورى جیهان ناسراو بە داڤۆس.

 

ع.م