سەردێڕ:

سیستانی ڕێنمایی دەرکردووە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی داعشدا

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-23

5370 جار خوێندراوەتەوە

کەریم ئەسعەد خان سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی داعش، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکهێنراوە ئاشکرایکرد، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق داوایکردووە بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی سەر بە ڕێکخراوی داعشدا بکرێت.

کەریم ئەسعەد خان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانووسیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)  لە شاری نەجەف پێشکەشی کرد ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان دانیشتووە سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی کاری تیمی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد دیدارەکە ئەرێنێ بووە.

ڕوونیشیکردەوە "سیستانی داوایکردووە بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلامی و یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیراوەکانی داعشدا بکرێت، نەک مافیان پێشێلبکرێت لەبەر ئەوەی ئەوانە داعشن".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جەختیکردەوە، سیستانی ئاماژەی ئەرێنی داوە سەبارەت بەو دۆسیەیە و تیمی لێکۆڵینەوەکە لەگەڵ سەرجەم ڕابەرە ئایینییەکان دادەنیشتێت.

ئاماژەی بەوەشکرد تیمێکی تایبەت بۆ تاوانەکانی دژ بە ئافرەتان پێکهێنراوە و ڕێزی تەواو لە تایبەتمەندی ئافرەتان و نهێنی دۆسیەکانیان دەگیرێت.

ئەمڕۆ تیمی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش گەیشتنە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆبووەوە.

ع.م