سەردێڕ:

سوپای ئەمریکا ئێران بە براوەی جەنگی داگیرکردنی عێراق دەزانێت

ڕیمۆند ئۆدێرنۆ فەرماندەى پێشوى ئەرکانى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-23

3698 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکى سوپاى ئەمریکا گەشتوە بەو ئەنجامەى "ئێرانى پاوانخوازو سەرکێش و ئازا" وەک تاکە براوەى رووداوەکانى پاش گرتنى عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاوە دەردەکەوێت.

ئەم توێژینەوەیە کە لە ١٣٠٠ لاپەڕە پێکدێت و لە ساڵى ٢٠١٣ لەسەر راسپاردەى ڕیمۆند ئۆدێرنۆ فەرماندەى پێشوى ئەرکانى هێزەکانى ئەمەریکا ، دەست بە ئامادەکردنى کراوە، بەڵام تەواوبوونى دواکەوتووە بۆ ساڵی ٢٠١٦، لەو کاتەشدا بەپاساوى ترس لە ئاشکراکردنى بڕیارەکان لەکاتى کێشمەکێشدا بڵاوکردنەوەى ڕاگیراوە.

توێژینەوەکە کە لەچەند رۆژى پێشوودا بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە هەزار بەڵگەنامەى لەگەڵدا هاوپێچەو باس لە پرۆسەى داگیرکردنى عێراق دەکات لە ٢٠٠٣، پاشان کشانەوەى ئەمەریکا لە ٢٠١١ کە رێگاى خۆشکرد بۆ هاتنى داعش بۆ ئەم وڵاتەو هۆکارەکانى شکستى ئەمەریکاش لە عێراق دیاریی دەکات.

ئامادەکارانى ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکەنەوە ئێران سودمەندى یەکەم بووە لەڕووداوەکانى عێراق و لە ئیستاشدا ئەو وەک تاکە براوەى سەرەکى دەردەکەوێت. هەروەها ئەوەش دەخەنە ڕوو ڕاستە ئەمەریکییەکان پاش نۆ ساڵ لەکەوتنى سەدام لە عێراق کشانەوە بەڵام ئەو بۆشاییەى بەجێیان هێشت لەلایەن داعشەوە پڕ کرایەوە، ئەمەش ویلایەتە یەکگرتووەکانى ناچارکرد جارێکی تر هێز ڕەوانەى عێراق بکاتەوە.

توێژینەوەکە ئەوەشى ئاشکراکردوە جەنگى عێراق و رۆڵى ئەمەریکا لەم وڵاتە جێگەى مشتومڕى بەردەوامى ڕاى گشتى و چاودێرانى ئەمەریکایە بەهۆى جێکەوتەکانى ئەو جەنگە.

 لەیەکێک لەدەرەنجامەکانیشیدا توێژینەوەکە جەختلەوەدەکاتەوە کە شەڕى عێراق نەرێتە سیاسییە کۆنەکانى ئەمەریکاى تێکشکاندووە لەبارەى پێویستیی جەنگى پێشوەختە بۆ بەرگرتن لە مەترسییە گریمانکراوو چاوەڕوانکراوەکان.

ئامادەکارانى ئەم پێداچونەوەیە جەختیشیان لەوە کردۆتەوە هەمیشە تەکنەلۆجیاى پێشکەوتوو ناتوانێت ببێتە جێگرەوەى نوقسانییەکانى هێزى کار، هەروەها جەخت لەوەش دەکەنەوە شەڕى عێراق تا ڕادەیەکى زۆر سەرکەوتوو نەبووە بەهۆى تێنەگەشتنى ئەمەریکا لە سیاسەتە عێراقییەکان و کێشمەکێشى خوێناوى گروپە جیاوازەکان کە هەمیشە هۆکارى ئاڵۆزبوونى گرفتەکان بوون.

لە کۆتاییشدا توێژینەوەکە چەند هۆکارێکى بۆ شکستى گرتنى عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە دەستنیشان کردووە کە دەکرێت بەم جۆرەى خوارەوە ئاماژەى پێ بکرێت:

ـ کەمى هێزە ئەمەریکییەکان لەسەر خاکى عێراق تا بتوانن بەسەر یاخیبووە سوننەکان و میلیشیا شیعییەکاندا سەربکەون.

ـ شکستهێنانى ئەمەریکا لە سنوردانان بۆ ئێران و سوریا کە هەردووکیان پەناگەو داڵدەدەرى چەکدارە یاخییەکانى شیعەو سوننە بوون و هیچ کات ئەمەریکا پلانى بۆ ئەمە نەبووە.

ـ وڵاتانی هاوپەیمانى ئەمریکا هێزى پێویستیان نەنارد بۆ عێراق و بەم پێیەش هاوپەیمانێتى ڕاستەقینە بوونى نەبووە.

ـ شکستى ئەمریکا لە مەشقپێکردن و ڕاهێنانى هێزگەلێکى عێراقى کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن. بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو هێزە عێراقییەکان لاواز بوون و ئامادەى وەرگرتنى سەروەری خاکى وڵاتەکەشیان نەبوون.

ـ بڕوابوون بەوەى دەکرێت دیموکراسى ببێتە هۆى ئۆقرەیی، لەکاتێکدا بەپێچەوانەى ئەمەوە هەڵبژاردنى ٢٠٠٥ کێشەو گرفتەکانى لەعێراق زیاترو قووڵتر کردۆتەوە.

ع.م