سەردێڕ:

سامانی ٢٦ دەوڵەمەند هێندەی داهاتی نیوەی دانیشتووانی جیهانە

جیف بێزۆس، مارک زوکەربێرگ، بیڵ گەیتس
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-22

4798 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی هاوکاریی ناوەندیی بەریتانیا، سامانی ٢٦ ملیاردێر هێندەی داهاتی ٣.٨ ملیار کەسە، کە نیوەی دانیشتووانی جیهانە.

دامەزراوەکە پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ڕاپۆرتێکیان دەربارەی ڕێژەی برسێتی، داهاتی خەڵکی هەژار و دەوڵەمەندانی جیهان بڵاوکردەوە.

داهاتی نیوەی دانیشتووانە هەژارەکەی جیهان لە ساڵی ٢٠١٦دا یەکسانبووە بە داهاتی ٦١ ملیاردێر، لە ٢٠١٧دا ٤٣ ملیاردێر و لە ٢٠١٨شدا هاتووەتە خوارەوە بۆ ٢٦ ملیاردێر.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، سامانی ٢٢٠٠ ملیاردێری جیهان لە ٢٠١٨دا ٩٠٠ ملیار دۆلار بووە، واتە ڕۆژانە ٢.٥ ملیار دۆلار بەرزبوونەوە لە سامانەکانیاندا هەبووە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ١٢%ی سامانی ملیاردێرەکان، داهاتی نیوە هەژارەکەی جیهان ١١% کەمیکردووە.

دامەزراوەکە چەند زانیارییەکی دیکەی ئاشکراکردووە کە گرنگترینیان ئەمانەن:

لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان دوو هێندە زیادیکردووە.

سامانی جیف بێزۆس خاوەنی ئەمازۆن بۆ ١١٢ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. تەنها لە سەدا یەکی سامانەکەی بێزۆس یەکسانە بە هەموو بودجەی ساڵانەی دابینکراوی کەرتی تەندروستیی ئەسیوپیای خاوەن دانیشتووانی ١٠٥ ملیۆن کەس.

ئەگەر کۆمپانیایەک ئەو کارانەی بکردایە کە ژنان دەیانکەن و پارە وەرناگرن، ئێستا داهاتەکەی ١٠ ترلیۆن دۆلار دەبوو، کە دەکاتە ٤٣ هێندەی داهاتی ئەپڵ.

ع.ا