سەردێڕ:

حەلبوسی و لیژنەی دارایی تاوتوێی چەند بڕگەیەکی یاسای بودجەیان کرد

کۆبوونەوەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ولیژنەى دارایی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-22

1747 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، بەغدا، ئومێد محەمەد

لە درێژەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی، ئەمڕۆ دووشەممە (٢١ی کانونی دووەمى ٢٠١٩) محەمەد حەلوبسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی کۆبوونەوەی شەوانی لیژنەی داراییان بەڕێوەبرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەلبوسی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ و هەوڵەکانی لیژنەی دارایی بەرز نرخاند لەو گفتوگۆیانەی دەیکات سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەسەند بکرێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە تەرخانكردنی بودجە بۆ وەزارەتە ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئابورییەكان خرایەڕوو، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر ئەو داواكارییانەی لیژنەكانی پەرلەمان بەرزیانكردووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەوبارەیەوە، هاوكات گفتوگۆش کرا سەبارەت بە پارەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكانی پارێزگاكان

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی عەلا عەلوان وەزیری تەندروستی  تاوتوێی پێداویستیەكانیان لە دەرمان و كەرەستە پزیشكیەكان کرا.

 لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە بردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مادە و بڕگەکانی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩، کە تا ئێستا بەهۆی ناکۆیی لایەنەکانەوە لەسەر هەندێک لە بڕگە و مادەکانی نەتوانراوە کۆدەنگی بۆ دروست ببێت و پەسەند بکرێت.

ع.م