سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دادوەرێکی نوێی بۆ وەزیری داد کاندیدکرد

پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-21

10470 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حاکم ئەرکان قادر وەلیی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد کاندیدکرد.

 بەپێی نوسراوێکی فەرمی کە وێنەیەکی بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی نێردراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەفانە حسێن عەلی وەک وەزیری پەروەردە و حاکم ئەرکان قادر وەلیی وەک وەزیری دادی عێراق دەستنیشانکردووە.

لە نووسراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران کە بۆ پەرلەمانی عێراق نێردراوە، ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوو کاندیدەکان لە کۆمسیۆنى دەسپاکى ئەستۆپاکی دەستی نەزاهە و دادپەروەری و ئەمنی نیشتیمانیدا دەرچوون و داوا لە ئەندامانی پەرلەمان کراوە دەنگیان پێبدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستى وەزارەتى داد ناکۆک بوون و هەریەکەیان وەرگرتنى ئەو پۆستەى بە پشکى خۆی دادەنا.

 لە ناو لیستە پەرلەمانییەکانى بەغداش حاکم دارا نورەدین و دادوەر ڕزگار حەمە ئەمین هەبوون بۆ کاندیدى وەزارەتى داد، بەڵام دەنگیان لەسەر نەدرا.

کاندیدى پێشووتری وەزارەتى پەروەردەش بەهۆى ئاشکرابوونى ئەوەى کە براکەى یەکێک بووە لە سەرکردەکانى ڕێکخراوى داعش، دەستی لەکارکێشایەوە.

حاکم قادر وەلی کاندیدى وەزارەتى داد، لە ساڵى ١٩٧٥ لە پارێزگاى کەرکوک لەدایکبووە و خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە زانکۆى بەغدا و لە ئێستاشدا سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى کەرکوکە.