سەردێڕ:

لە وەرزى سەرمادا خەڵک زیاتر روو لە خواردنى قەل و قاز دەکەن

بازاڕی قەل و قاز فرۆشەکان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-21

6884 جار خوێندراوەتەوە

تامی جیاوازی گۆشتی قەل و قاز و کەڵەشێری کوردی لەوەرزی زستاندا، وایکردووە رۆژانە بازاڕی فرۆشتنیان گەرم بێت و ببنە ژەمێکی بەلەزەتی سەر سفرەی هاوڵاتیان.

لە بازاڕە میللییەکانیش هەمووجۆرە پەلەوەرێک دەستدەکەوێت، بەڵام بازاڕی قەل و قاز فرۆشەکان گەرمترە، فرۆشیارێک دەڵێت،  ڕۆژ هەبووە ١٠٠ بۆ ١٥٠ قاز و قەلی فرۆشتووە، دەشڵێت، لە شارباژێڕ و سیتەک و قەڵاچوالان وقەرەداغ و شوێنەکانی دیکەوە بۆیان دێت.

بەشێک لە پەلەوەرانی ئەم بازاڕانە لە ناوخۆ بەرهەمدێن و بەشێکیشیان لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێن، سەرەڕای نرخە گرانەکەی بەراورد بە گۆشتی پەلەوەرەکانی دیکە، قەل و قاز خواستی زۆری لەسەرە.

نرخی قاز و قەل بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت و لە وەرزی زستان گرانترن، هەر قازێک نرخەکەی لە نێوان ١٥ هەزار دینار بۆ ١٧ هەزار و هەر کیلۆیەک قەلیش بەپێی جۆرەکەی نرخەکەی لە نێوان پێنج بۆ ١١ هەزار دەبێت.

سەرەڕای خواستی زۆری هاووڵاتیان لە سەر گۆشتی قەل و قاز و پەلەوەری کوردی بە تایبەت لە وەرزی سەرما، بەڵام تا ئێستا لەکوردستان کێڵگەیەکی تایبەت بە بەخێوکردنی قەل و قاز نیە و ئەو پەلەوەرانەش لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن قەل و قازی گوندەکانن و بە شێوازی خۆماڵی لەلایەن گوندنشینانەوە بەخێو دەکرێن و دواتر لەبازاڕدا ساخ دەکرێنەوە.

ع.ا