سەردێڕ:

بەشێک لە خۆبەخشانی نەخۆشخانەی فێرکاریی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد

کارمەندە خۆبەخشە مانگرتووەکان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-21

1433 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ کردنەوەی دەرگای نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د. خالید لە کۆیە بەڕووی نەخۆشدا، کە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن ڕوویان لەو نەخۆشخانەیە کردبوو، بە دەیان کارمەندی خۆبەخشیش لە نەخۆشخانەکە هاتنە دەرەوە و بایکۆتی دەوامیان کرد.

خۆبەخشەکان داواکارییان زۆر بوو، بەڵام گرنگترینیان دامەزراندن بوو لەلایەن حکومەتەوە و دەڵێن، خزمەتی زۆریان بێ بەرامبەر بۆ حکومەت کردووە، ئێستا ئەرکی حکومەتە دایانبمەزرێنێت.

کارمەندە خۆبەخشەکانی کۆیە، ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ خۆبەخش دەبێت و لە بەشەکانی تاقیگە و فریاکەوتن و نەشتەرگەری و لەدایکبوون و چەند بەشێکی تر کاردەکەن، بەشێک لە خۆبەخشەکانیش  نزیکەی چوار ساڵ دەبێت بەبێ بەرامبەر خزمەت بە حکومەت دەکەن.

ئەو خۆبەخشانە هەرچەندە بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن، بەڵام وەزارەتی تەندروستی پێدانی ژەمە خواردنی بە خۆبەخشەکان قەدەغەکردووە و نابێت لە نەخۆشخانە نان بخۆن.

لە ساڵی ٢٠١٣وە هیچ کارمەندێکی تەندروستی بۆ قەزای کۆیە دانەمەزراوە و ئەو کارمەندانەیشی کە خانەنشین دەبن جێگایان پڕنەکراوەتەوە و، ئەو پێویستییانەش بە خۆبەخش پڕکراونەتەوە.

کامەران شێخانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیەش دەڵێت، ئەو خۆبەخشانە زۆر سودیان بە کەرتی تەندروستی گەیاندووە بۆیە پشتگیریی داواکارییەکانیان دەکەن، بەڵام دامەزراندنیان لە دەستی ئەواندا نییە.

لە دوای بایکۆتکردنی خۆبەخشەکان لە نەخۆشخانەکانی کۆیە، کاری کارمەندانی نەخۆشخانەکان قورستربوو، بەشێک لە نەخۆشەکانیش گەڕانەوە ماڵەوە.

ع.ا