سەردێڕ:

فەڕەنسا: ئەمریکا درکی بە پاراستنی کورد لە سوریا کردووە

فلۆرێنس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-20

4436 جار خوێندراوەتەوە

وەزیر بەرگریی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ئەمریکا درکی بە پاراستنی کوردەکان کردووە لە دوای بڕیاری کشانەوەی لە خاکی سوریا.

فلۆرێنس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا ئەمڕۆ یەک شەممە (٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، ئەمریکا  گرنگی بە پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی بۆ دەرکەوتووە پاش کشانەوەی لە سوریا.

وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی پاراستنی کوردەکان بە گرنگییەوە باس دەکرێت، چونکە پێشتر باشترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی داعشدا.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ڕوونیکردەوە، ئەو بابەتە پەیوەستە بە پێویستیی پارێزگاریکردنی کوردەکان، بۆیە ئەمریکییەکانیش ئەو بابەتەیان بە هەند وەرگرتووە.

مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریادا کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار سەربازە، ئەوەش ترسی لەلای کوردەکان دروستکرد.

ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەش ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەمێننەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نابێت دوریانبخاتەوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانیان کە لەناوبردنی داعشە.

لە دوای ساڵی ٢٠١٥وە فەڕەنسا بە هەزار و ٢٠٠ سەرباز بەشداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کردووە لە دژی داعش لە ناوخۆی سوریا و عێراق، کە پێکهاتوون لە هێزی ئاسمانی و هێزی تایبەت و تۆپهاوێژ و یەکەی ڕاهێنانی سەربازی.

ن.م