سەردێڕ:

بەختیار ئەمین: ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردە سەرم سەربە کۆسرەت ڕەسوڵن

بەختیار ئەمین پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-20

19789 جار خوێندراوەتەوە

هێرشکردنە سەر پزیشکێک و تەقەکردنی چەند چەکدارێک لە شەقامی سالمی شاری سلێمانیدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە، پزیشکەکەش دەڵێت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەری سەربە کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بوون.

بەختیار ئەمین پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی بە پێویستی دەزانێت کۆسرەت ڕەسوڵ و منداڵەکانی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە دوای ڕووداوەکە چەکدارەکان لە ماڵی ئەواندا داڵدەدراون و ڕادەستی پۆلیسیان ناکەن.

وتیشی، پۆلیس باس لەوە دەکات کە ڕووداوەکە لەسەر دەستشکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە، بەڵام ئەو نازانێت هۆکارەکەی چی بووە و دەشڵێت، ئەگەر لەسەر دەستشکاندنەوەی ئۆتۆمبێلیش بێت ناکرێت چەند کەسێک بەو شێوازە مامەڵە بکەن.

بە وتەی خۆی ئەم پزیشکە هیچ کێشەیەکی کەسیی (شەخسیی) لەگەڵ کەسدا نییە، بەڵام پێشتر سکاڵای لەسەر ئەو کۆمپانیایانە تۆمارکردووە، کە دەرمانی ساختە هاودە دەکەن، دەشڵێت، کۆمپانیاکان سەربە کۆسرەت ڕەسوڵ و کوڕەکانین.

هاوکات پۆلیسی سلێمانیش لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لەسەر ڕووداوەکە دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ کەس دەرکردووە، بەپێی مادەی ٤١٣ی یاسای سزادانی عێراقی، هاوکات فەرمانی دەستبەسەرداگرتن بۆ ئۆتۆمبێلی چەکدارەکانیش دەرچووە.

پۆلیس دەشڵێت، هۆکاری ڕووداوەکان دەستشکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەرچووە و لەهەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان.

هەرچەندە پزیشکەکە کۆسرەت ڕەسوڵ و کوڕەکانی بە هێرشکردنە سەری تۆمەتباردەکات، بەڵام تا ئێستا نوسینگەی کۆسرەت ڕەسوڵ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە و نوسینگەکەش وەڵامی پەیوەندییەکانی ئێن ئاڕ تی لەوبارەیەوە نەدایەوە.

پێشتر و لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، لە نۆرینگەکەی خۆی تەقە لە کەمال ئەحمەد پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی کرا و بە سەختی برینداربوو، دواتریش هێزەکانی پۆلیس ڕایانگەیاند لەسەر دۆسیەکە کەسێکیان دەستگیرکردووە و دانی ناوە بە کارەکەیدا.

ع.ا