سەردێڕ:

بەراوردێک لە نێوان خولی نوێی پەرلەمانی عێراق و هەرێم

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-20

850 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانى عێراق لە ماوەى چوار مانگى تەمەنیدا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و کابینەیەکى وەزاریی هەڵبژارد، کە لە ١٨ وەزیر پێکدێن، کەچى لە کوردستان دانیشتنى یەکەمى پەرلەمان کە سەرەتاى مانگى ئۆکتۆبەر گرێدرا هێشتا هەر بە کراوەیی ماوەتەوە.

سەرەتاى مانگى ئەیلول پەرلەمانى عێراق یەکەم دانیشتنى خۆى گرێدا، ٢٧ ڕۆژ پاش ئەو بەروارەش لە هەرێمى کوردستان هەڵبژاردنى گشتى بۆ پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، کەچى پەرلەمانى عێراق لە ماوەى چوار مانگى تەمەنیدا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و کابینەیەکى وەزاریی هەڵبژارد، کە لە ١٨ وەزیر پێکدێن، کەچى لە کوردستان دانیشتنى یەکەمى پەرلەمان کە سەرەتاى مانگى ئۆکتۆبەر گرێدرا هێشتا هەر بە کراوەیی ماوەتەوە.

لە بەغدا بڕیاربوو ٣ی کانونى دووەم کە سەرەتاى ساڵى نوێ دەکات پشووى وەرزى یەکەمى پەرلەمان دەستپێبکات، بەڵام لەپێناو تەواوکردنى تاوتوێکردن و پەسەندکردنى پرۆژە یاسای بودجەى گشتیی ساڵی ٢٠١٩ وەرزەکە درێژکرایەوە بۆ کاتێکى نادیار، لەکاتێکدا سەربارى بوونى داواى یاسایی نەوەى نوێ دژى سەرۆکى کاتی پەرلەمان، هێشتا چارەنووسى ئەو دانیشتنە کراوەیە دیارنییە و چاوەڕوانى ڕەحمەتى ڕێککەوتنى پارتى و یەکێتى و گۆڕان دەکات.

لە چوار مانگى کارکردندا کە نزیکە لە تەمەنى دانیشتنە کراوەکەى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمانی عێراق ١٩ پرسیارى نوسراو و سێ پرسیارى زارەکییان ئاراستەى وەزیرەکانى حکومەت کردووە، حەوت دانیشتنى میواندارى وەزیر و سەرۆکى دەستە سەربەخۆکانى ڕێکخستووە، لە ئێستاشدا لێپێچنەوە لە کۆمپانیاى سۆمۆ دەکات کە بەرپرسە لە هەناردەکردن و فرۆشتنى نەوتى عێراق، بەڵام لە کوردستان پەرلەمانتاران بەبێ ئەرک دەچنە باڵەخانەى پەرلەمان و حکومەتی ماوە تەواوبووش هیچ ملکەچ نییە بۆ ئەم پەرلەمانە هەڵبژێردراوە و پەرلەمانە پێشووەکەش سەرقاڵى مامەڵەى خانەنشینى و وەرگرتنى ٤٩ ملیۆن دینارى ئەندامەکانییەتى و لەکاردا نەماوە.

پەرلەمانى عێراق، لە چوار مانگى تەمەنیدا، شەش لیژنەى پێکهێناوە، زیاتر لە ٢٠ لیژنەى هەمیشەیی دیاریکردووە، چوار دانیشتنى تایبەتی کردووە بۆ تاوتوێکردنى پرۆژە یاسای بودجە و نزیکەى ١٥ پرۆژە یاساشى پێشخستووە بۆ تاوتوێکردن، چونکە بەلاى حکومەتەوە گرنگ و پێویستن، بەڵام هەرێمى کوردستان بەهۆى هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بە کراوەیی لە بۆشاییەکى یاساییدایە و کەس نازانێت داهات و خەرجییەکانى چەندە و هەرچى حکومەت خۆى بیڵێت هەر ئەوەیە.

دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق لە چوار مانگدا ١٥٣ دیداریان لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان ئەنجامداوە، ٢٥ دیدار لەگەڵ کەسایەتى مەدەنى و گشتى، ٣٠ کۆبوونەوەى کار، ٨١ سەردانى جۆراوجۆر و نزیکەى ٥٠ چالاکیی ناوخۆیی و دەرەکییان هەبووە، کەچى لە کوردستان هێشتا مشتومڕ و خەمڵاندن بەردەوامە بۆئەوەى ئاخۆ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بەر کام باڵەى یەکێتى و پارتى دەکەوێت و جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمان لە کام پێکهاتەى نەتەوەیی دەبێت و لە کام حزبیانەوە نزیک دەبێت، هێشتا بەو حاڵەشەوە وەڵامەکە ڕوون نییە.

لە ٢٥ دانیشتندا، پەرلەمانى عێراق چەندین بڕیارى گرنگی دەرکردووە، لە چەشنى قەرەبووکردنەوەى خاوەن کێڵگەکانى ماسى، چارەسەرکردنى هەندێ گرفتى بەسڕە، تاوتوێکردنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، هەڵبژاردنى دادوەرانى دادگاى تەمیز، دامەزراندنەکانى پەروەردە، تەرخانکردنى زەوى بۆ هێزە ئەمنییەکان، دۆسیەى پەنابەران، لێکۆڵینەوە لە دۆخى موسڵ و شنگال، گێڕانەوەى کۆمسیۆن بۆ کار و چەندین بڕیاری ترى گرنگ، کەچى زۆر یاساى پێویست و پەلە هەن لە کوردستان هێشتا هەر چاوەڕوانى دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمانن.

ئەم جیاوازییە زۆرەى ئەرک و کارى پەرلەمان لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە جاران دەوترا هەرێم عێراقە جیاوازەکەی ترە و، بەرپرس و سەرکردەکانى باسى ئەوەیان دەکرد ئەزموونەکەى بگوازنەوە بۆ بەغدا.

ع.ا