سەردێڕ:

تەرمی کۆچبەرێکی کورد دۆزرایەوە

بەلەمێکی کۆچبەران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-20

7865 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ڕێناس عەلی

یەكێك لەو كۆچبەرە ونبووانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەلەمێكدا لە کەنارەئاوییەکانی وڵاتی ئیتالیا بێسەروشوێن بوو  ئەمڕۆ تەرمەكەی دۆزرایەوە.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە لێدوانێكیدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەو تەرمەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا ونبووبوو، ئەمڕۆ لە دووری ٣٠٠ مەتر لە شوێنی ڕووداوەكە دۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەنجە خەڵكی سلێمانییە، ناوی هەڵکەوت محەمەد حمە عەلییە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ـە.

ڕاشیگەیاند، ئەو كەسانەشی بە قاچاخ بردوویانە دوو كەسی ڕوسی بوون، بە پاسپۆرتی فەڵەستینی پاش دەستگیرکردنیان بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کراون، بەڵام بە دۆزینەوەی ئەو تەرمە، تۆمەتی كوشتنیش دەدرێتە پاڵ ئەو دوو كەسە، ئەو تۆمەتەش بۆ دۆسیەكەیان زیاد دەكرێت و دووبارە دادگایی دەکرێنەوە.

وتیشی، لە ئێستادا لەگەڵ شارەوانی و پۆلیسی ئەو شارە خەریكی جێبەجێكردنی كاروبارە فەرمییەكانی دۆسیەی ئەو گەنجەین و كەسوكارەكەشی لە شوێنی ڕووداوەكەن، دوای تەواوکردنی کاروبارەکان، دەستدەکەن بە ڕێکارەکانی گەڕانەوەی تەرمەکە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی ڕابردوودا بەلەمێك كە هەڵگری ٥٢ كۆچبەر بوو، لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا ژێرئاوكەوت، بەڵام یەكێك لە سەرنشینەكان کە تا ئێستا بێسەروشوێن بوو، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

د.ن