سەردێڕ:

داعش لە گوندێکی خانەقین هێرشی کردە سەر پۆلیسی عێراق

فۆتۆ: 
2019-01-20

3444 جار خوێندراوەتەوە

 دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەلار، گەرمیان حەمەی پور

ئێوارەی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە گوندی شێرک لە ڕۆژئاوای خانەقین هێرشیانکردە سەر بارەگایەکی پۆلیسی عێراق و، لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

دانیشتوویەکی گوندی شێرک بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، چەند چەکدارێکی داعش هێرشیانکردووەتە سەر بارەگایەکی پۆلیسی عێراق لە گوندەکەیاندا و، لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژراوە و پۆلیسێکی دیکەش بریندارە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، داعش دوای هێرشەکە بۆ ناو دارستانەکانی سیروان هەڵهاتوون.

دانیشتووانی گوندەکە ئاماژە بەوە دەدەن، ئەوانیش شانبەشانی پۆلیسی عێراقی بەرگریدەکەن و لە هێرشەکەی ئەم ئێوارەشدا ڕووبەڕووی چەکدارەکان بوونەتەوە.

ماوەیەکە چەکدارەکانی داعش هێرشی پچڕ پچڕ دەکەنە سەر پۆلیسی عێراق لە سنورەکەدا و هەندێکیشیان لە گوندی شێرکەوە نزیکن.

کۆتایی مانگی رابردووش نزیکەی ۲۰ چەکداری داعش چوونە سەر کارگەیەکی چەو و لم لە گوندی شێرک لە قەزای خانەقین و دوو پاسەوانى کارگەکەشیان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد.

ع.ا