سەردێڕ:

وەزارەتی ڕۆشنبیری دواوادەی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کەناڵە ناوخۆییەکان ڕاگەیاند

دواوادەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ٣٢ کەناڵی ناوخۆیی دیاریکرا
فۆتۆ: 
2019-01-20

2244 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، (١ی شوباتی ٢٠١٩) دواوادەیە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.

فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، پێشتر بڕیاردرابوو کە ئەمڕۆ (٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) دواوادە بێت بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێم، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئێستای هەرێم و ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی کەناڵەکانیش، وادەکە بۆ (١ی شوباتی ٢٠١٩) درێژکراوەتەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەم ١٠ ڕۆژە مۆڵەتی کەناڵەکانە تا مۆڵەتەکانیان نوێبکەنەوە، بە پێچەوانەوە پەخشەکانیان ڕادەگیرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، ٣٢ کەناڵی ناوخۆیی مۆڵەتەکانیان تەواودەبێت و ئەگەر لەم ماوەیەدا بۆیان نوێ نەکرێتەوە، پەخشیان ڕادەگیرێت.

فەرهەنگ گۆمەشینی وتیشی، "هۆکارێکی دیکەی درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی کەناڵە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەیە تاکو کاری میدیا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا بەرەوپێشەوە بچێت و ئەمەش ئامانجی وەزارەتەکەیانە."

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری دەربارەی ژمارەی کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا زیاد لە ٣٠٠ کەناڵی کوردی و بیانی هەیە کە لە هەرێمدا ئۆفیسیان هەیە و ١٢٢ دانەیان کەناڵی ناوخۆیین.

ع.ا