سەردێڕ:

ماوەی ٣٠ ڕۆژ دیاریکراوە بۆ یەکخستنی ڕێوشوێنەکانی گومرگی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی

کۆنترۆڵی تەواوەتی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لە دەست حکومەتی فیدراڵیدا دەبێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-20

2996 جار خوێندراوەتەوە

کازم عیقابی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق جەختیکردەوە لەوەی پێویستە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا بێت و، ماوەی ٣٠ ڕۆژیش دیاریکراوە بۆ یەکخستنی تاریفەی گومرگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق کە دوابەدوای کۆبوونەوەی سەرۆکی دەستەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگان و نوێنەرانی لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١٩، کە دەستدەکرێت بە کارکردن لە دەروازە سنورییەکان لە هەموو پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان یەکخراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێژەی تاریفەی گومرگی یەکگرتوو بەگوێرەی ئەو لیستە دەبێت کە لەسەری ڕێککەوتوون، وەک لە نوسراوی وەزارەتی داراییدا ئاماژەی پێ کراوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە بڕیاردراوە ئیدارەی سەرجەم دەروازە سنورییەکان لە هەرێمی کوردستان ملکەچی دەستەی دەروازە سنورییەکان بێت پشتبەست بە یاسای ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١٦ی دەستەی دەروازە سنورییەکان، کە تیایاندا پشت دەبەسترێت بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی شایستەیی و شارەزایی و لەسەر میلاکی دەستەی دەروازە سنورییەکان کاردەکەن و، دووبارە لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەگەڕدەخرێنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە سەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێم پابەندبن بە جێبەجێکردنی ئەو بەشەی تایبەتە بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە ئیمزاکراوەکان، هەروەها لە بڕگەکانی یاساکەدا ئاماژە کراوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ١٨٦ی ساڵی ٢٠١٨ و پێدانی ٣٠ ڕۆژ مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و، وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی دەست بە کارکردن دەکات لە سەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێم  بەگوێرەی یاسای وەزارەتی گواستنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە (١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ندیی‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر زۆربه‌ی ڕێوشوێنه گومرگی و بازرگانییە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان گەیشتوونەتە ڕێككه‌وتن‌ و، كۆی لێكتێگه‌یشتنەکەش له‌ چوارچێوه‌ی‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدایە، کە له‌ ١٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩دا په‌سه‌ندكراوه‌ و بووه‌ته‌ فه‌رمی.

به‌پێی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ په‌سه‌ندكراوانه‌، كه‌ زیاتر وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا سه‌روكارییان ده‌كات، ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندییه‌كان به ‌هێزێكی زیاتره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م جومگه‌ ئابووری و بازرگانی و سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌ندێك ئاسانكاری ده‌كات بۆ‌ هه‌رێم، كه‌ ڕه‌نگه‌ دیارترینیان هه‌ڵگرتنی گومرگه‌كانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بێت.

ع.م