سەردێڕ:

نەوەی نوێ: هەر هێزێک لەگەڵ دەسەڵات دابنیشێت مامەڵەی هاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵدا دەکەین

لۆگۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-20

4551 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەر هێزێک لەگەڵ دەسەڵات دابنیشێت یاخود بەشدار بێت لە حکومەتەکەیدا، ئەوا دوورە لە خەڵک و لە ئێمە و مامەڵەی هاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵدا دەکەین، وەک ئاماژەیەک بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ مەسعود بارزانی.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەکو ھێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بە ھەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە لەگەڵ یەکێتیی و پارتیی دانیشتن بكە‌ین، چونکە ئۆپۆزسیۆنبوون بەمانای ئەوە نیە کە لەگەڵ جوت حزبی یەکێتیی و پارتییدا دابنیشیت لە‌پێناو پۆست و پارە یان ھەر مەبەستێکی شەخسیی و حیزبییدا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر ھێزێک لەگەڵ یەکێتیی و پارتییدا دابنیشێت، ئە‌وە‌ ئێمە نە بەھاوپەیمانی خۆمانی دەزانین و نە کاری ھاوبەشی لەگەڵدا دەکەین، چونکە ھەر ھێزێک لە بەرەی خەڵکدا بێت پێویستە دووربێت لەو جوت حزب و بنەماڵەیە و ئێمە لە نەوەی نوێ پێمانوایە، چەندە دووربیت لە یەکێتیی و پارتیی، ئە‌وە‌ ھێندە لە خەڵک و ھاوڵاتیانەوە نزیک دەبیت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی لەوەشکردووەتەوە، "هەموو هەوڵێکیان بۆ دروستکردنی بەرەیەکە‌ دژ بە دەسەڵات تا ئەو کاتەی هێزەکانی تر لەگەڵ یەکێتیی و پارتییدا مامەڵە و کۆبونەوە نەکەن و لە حکومەتەکەی جوت حیزبدا بەشدار نەبن، هەر هێزێکی سیاسیی دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی ئەم کارانە ئەنجام بدات، ئەوا ئێمە وەک شەریکی راستەقینەی پارتی و یەکێتی تە‌ماشای دەکەین و پێمانوایە ئەم جۆرە رەفتارانەیە کە وایکردوە دەسەڵات بێباک و بێ غەم بێت لە ئاست کێشەی هاوڵاتییان".

ئەم ڕاگەیەندراوەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ سه‌لاحه‌دین  به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی کرد و کۆبوونەوە.

ش.ق