سەردێڕ:

ناردنی ١٧%ی بەشە دەرمانی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا

فۆتۆ: 
2019-01-20

1888 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری ناردنی ١٧% بەشە دەرمانی ھەرێمی پەسەندکرد و ئاراستەی سەرۆک وەزیرانیان کرد.

دکتۆر میران محەمەد ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، کۆدەنگی ھەبوو لەسەر پشکی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ھەرێمی کوردستان، کە لە ڕێژەی ١٧% کەم نەکرێتەوە، ھەروەھا گرنگی زیاتر بدرێت بە پێداویستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەو خێزانە ئاوارانەی کە ئێستا لە ھەرێمدان، هەروەها لەم بابەتەدا سەرجەم پەرلەمانتارانی عێراق بە لایەنە عەرەبییەکانیشەوە یەك هەڵوێست بوون.

وتیشی، "لەبەرئەوەی خۆم بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی بووم، لە نزیکەوە ئاگاداری کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بووم، هەروەها ڕێژەیەکی زۆر لە نەخۆشەکانی پارێزگاکانی خوارووی عێراق ڕوویان لە سلێمانی و هەولێر دەکرد بۆ چارەسەری پزیشکی، بەتایبەت نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی و نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، بۆیە زیاتر پێویستمان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەبوو، ئامانجمان بوو ئەو بڕەی دانراوە لە ڕابردوودا کەمنەکرێتەوە."

هاوکات بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە سەرجەم مەڵبەند و نەخۆشخانەکانی ھەرێم سوودمەند دەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای دروستبوونی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەردەوام بەغدا وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر هەرێمدا کاری بۆ کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم کردووە و تا ئێستاش بەرپرسانی هەرێم لە ڕێگەی ئەو پۆستانەی لە حکومەتەکانی عێراقدا هەیانە نەیانتوانیوە کار بۆ زیادکردنی ئەو بەشە بودجەیە بکەن.

د.ن