سەردێڕ:

هۆشیار عەبدوڵا: پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندبکرێت

فۆتۆ: 
2019-01-20

2946 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ بەردەوامن و ئەندامێکی لیژنەکەش پێشبینی دەکات، لەم هەفتەیەدا پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، "ئەمڕۆ و سبەی دوو ڕۆژی گرنگن لە یەکلاییکردنەوەی ئەو ماددانەی کە ناکۆکییان لەسەرە".

ڕوونیشیکردووەتەوە، ڕێژەی دیاریکراو بۆ ئەو پارێزگایانەی نەوت بەرهەمدەهێنن و ئەوانەش کە لە ئەنجامی شەڕی داعش وێرانبوون و هەروەها نەوتی هەرێم و ئەو ڕێژەیەی کە بڕیارە هەرێمی کوردستان بیداتە کۆمپانیای سۆمۆ، لە گرنگترین ناکۆکییەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆپییەی کە حکومەتی عێراق لە پرۆژە یاسای بودجە پێشکەشی کردووە، باسی شایستە داراییەکانی حکومەتی تێدا نەکردووە، بەڵام لیژنەی دارایی بڕگەیەکی تایبەتی بۆ زیادکردووە بۆ ئەوەی ئەو توێژە لەبەرچاو بگیرێت وشایستە داراییەکان کە لای حکومەتە، وەربگرن.

هۆشیار عەبدوڵا ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە (٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) یاخود چوارشەممە ڕەشنووسی بودجەی ۲٠۱۹ ئامادەبێت بۆ دەنگدان.

لە ماوەی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ کردووە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی هەندێک لایەنەوە، لەوانەش کورد و سوننە، تا ئێستا پڕۆژە یاساکە پەسەند نەکراوە.

ش.ق