سەردێڕ:

کۆیە.. بەشێك لە خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی گردبوونەوە

خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی کۆیە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-20

1408 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی، کۆیە، خالید محەمەد

بەمەبەستی داواکردنی مافەکانیان، بەشێك لە خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی کۆیە لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید گردبوونەوە و مانگرتنی یەکجارەکییان راگەیاند.

لە سنوری قەزای کۆیە نزیکەی ١٥٠ کارمەندی خۆبەخش لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن و سەرلەبەیانی ئەمرۆ بەشێک لەو خۆبەخشانە لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید گردبوونەوە و داوای پێدانی ماف و دامەزراندیان کرد.

یەکێک لە خۆبەخشانەکان بە ئێن ئار تی راگەیاند، ئەوان ماوەی چەندین ساڵە بەشێوەی خۆبەخش کاردەکەن و وەزارەتی تەندروستی زۆر بێباکە و دایاننامەزرێنێت و تەنانەت داوای لە نەخۆشخانەکان کردووە خواردن بە کارمەندە خۆبەخشەکان نەدرێت.

یەکێکی دیکە لە کارمەندە خۆبەخشەکان ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی ١٥٠ کەس بەشێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکانی کۆیە کاردەکەن و بڕیاریانداوە بەشێوەی یەکجاری مانبگرن لە دەوامکردن تاوەکو مافی خۆیان پێدەدرێت.

ڕوونیشیکردەوە، ئەوان وەکو خۆبەخشان زۆربەی ئەو بەشانەیان پرکردووە کە کارمەندی پێویستی نیە و ئەگەر ئەوان نەبن کارکردن لەو بەشانە پەکی دەکەوێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو لەسەر کێشەی دامەزراندنی خۆبەخشەکانی کەرتی تەندروستی، رێکەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، پێویستیان بە خۆبەخشەکان هەیە، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەیان نییە دایانبمەزرێنن.

بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارای و دانەمەزراندنی کارمەندی نوێ لە کەرتی تەندروستی، ژمارەیەکی زۆر کارمەند وەکو خۆبەخش لە ناوەندە تەندروستییەکاندا کاردەکەن و لە سنووری پارێزگای سلێمانیشدا زیاتر لە پێنج هەزار دەرچووی بەشە پزیشکیەکان، وەک خۆبەش لە نەخۆشخانەکاندا دەستبەکاربوون و لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەستیان بە مانگرتن کردووە و دەوام ناکەن.

ئـ. فـ