سەردێڕ:

بەریتانیا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا لە سوریا ڕاگەیاند

فۆتۆ: 
2019-01-20

46919 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی بەریتانیا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆ سەر سوریا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە پەیوەندیدا دەبێت.

 ئیدوین سموئیل وتەبێژی حکومەی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ شەممە (١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، بەریتانیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، بەتایبەت تورکیا و ئەمریکا، لە پەیوەندییدا دەبێت لەپێناو سەلامەتی کوردەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی لە خۆرهەڵاتی سوریا.

 ئەو وتانەی ئەو لێپرسراوەی حکومەتی بەریتانیا لەکاتێکدایە، ئەنقەرە لە ئامادەباشیدایە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارە کوردییەکان لە ناوچەکە، کە حکومەتی تورکیا بە تیرۆریستیان لەقەڵەمدەدات.

 تورکیا دەیەوێت بە سودوەرگرتن لە کشانەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا لە سوریا، لە چەند مانگی داهاتوودا ئۆپراسیۆنەکەی خۆی بۆ باکوری سوریا دەستپێبکات.

 دوێنێش برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکی کارەساتبارە و، دوژمنەکانی واشنتۆن بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەسیحی.

 برێت مەکگۆرک پێیوایە داواکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانانی پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا "گەمژانەیە" لە سایەی نەبوونی هیچ هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ مەترسییەکان، کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دێنە ئاراوە و، نەبوونی توێژینەوەیەکی ورد بۆ هیچکام لە سوریا و ڕێکخراوی داعش.

 ع.م