سەردێڕ:

بەشێکى وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی سەپاندنی سزای ئابوورین بەسەر ئێراندا

بەشێکى وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی سەپاندنی سزای ئابوورین بەسەر ئێراندا
فۆتۆ: 
2019-01-20

3035 جار خوێندراوەتەوە

 پەیوەندی نێوان و ئێران و یەکێتی ئەوروپا بەرەو خراپی زیاتر ڕۆیشتووە. سەرکردەکانی ئەوروپا دەڵێن، چیتر ناتوانن ئۆقرە بگرن لەسەر تاقیکردنەوە موشەکییە بالیستییەکانی ئێران و کارە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر خاکی ئەوروپا.

بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی ئەوروپا ڕایانگەیاند، ژمارەیەک وڵاتی بچوکی تر لە یەکێتی ئەوروپا چوونەتە پاڵ فەڕەنسا و بەریتانیا و وەک ئەوان هەڵوێستیان دژی ئێران توندترکردووە، دوای شکستهێنانی هەوڵەکانیان لەگەڵیدا تا سیاسەتی بگۆڕێت، هەر بۆیە لەهەوڵی ئەوەدان سزای ئابووری نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنن.

ئەوەش کە قوڕەکەی زیاتر بۆ ئێران خەستکردووەتەوە، داخستنی توندی دەرگای هۆڵی کۆبوونەوە بووە لەلایەن بەرپرسانە ئێرانییەکان، بەوهۆیەی ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بەدڵ نەبوو، کە بەوتەی دیپلۆماتکارەکان ڕەفتارێکی ناشرین و ناشایستە بووە.

ئەو پێشهاتانەش کاریگەریی خراپی لەسەر حکومەتی ئێران بەسەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی دەبێت، لەوەی بتوانێت متمانە بە هاوبەشە ئەوروپییەکانی بکات پارێزگاریی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکەن لەگەڵ وڵاتەکەیدا، یان لانی کەم کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران سووک بکات.

بە وتەی دیپلۆماتکارەکان، سزاکان بلۆککردنی پشک و ڕێگەگرتن لە گەشتی سوپای پاسدارانی ئێرانی و ئەو کەسایەتییانەش کە کار بۆ پێشخستنی موشەکی بالیستی دەکەن لەخۆدەگرێت.

ئەو هەڵوێستەش نزیکە لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە بریتییە لە سەپاندنی سزای توند بەسەر ئێراندا، ئەگەرچیش تائێستا حکومەتەکانی ئەوروپا بە پێچەوانەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا نەکشاونەتەوە، کە ساڵی ٢٠١٥ واژۆی لەسەرکرا.

ئەوە لەکاتێکدایە وادەی ڕێگەدان لەلایەن واشنتۆنەوە بە هەشت وڵات تا نەوتی ئێران بکڕن، لە مانگی ئایاری داهاتوودا کۆتایی دێت، بەوەش قەیرانی ئابوری ئێران سەختتر دەبێت.

به‌ هۆی پلاندانانیان بۆ هه‌وڵی كوشتن له‌ خاكی ئه‌وروپادا، ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتیی ئه‌وروپا لەم مانگەدا سزای بەسەر ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران و دوو هاوڵاتی ئێرانیدا سەپاندووە، کۆی ئەو کەس و قەوارانەش کە تائێستا خراونەتە لیستی تیرۆرەوە گەیشتووەتە ١٥ کەس و ٢١ قەوارە.

سزاکانی ئەوروپاش، دەسەڵاتدارانی تارانی توڕەکرد و و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ھۆڵەندا و دانیمارك و فەڕەنسا ئەندامانی موجاھیدینی خەلق حەشار دەدەن، كە تائێستا ١٢ ھەزار كەسیان لە ئێران كوشتووە، وتیشی لە سەردەمی  بەعسیشدا  لە تاوانەکانی سەدام دژ بە کورد بێدەنگ بوون.

ئ.ر