سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دامەزراندنەکانی ساڵی ٢٠١٩ کرد

کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی دارایی لەسەر بەندەکان پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩
فۆتۆ: ماڵپەڕی پەرلەمانی عێراق
2019-01-19

8494 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوەوە و گفتوگۆی کرد لەسەر چەند بەندێکی یاسایی تایبەت بە دامەزراندن و وەبەرهێنان و داهاتەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە (١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە هەموارکردنی چەند بەندێکی تایبەت بە بابەتی دامەزراندن و جوڵەی میلاک لە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠١٩ و، دامەزراندن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بودجەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند مادە و بڕگەیەکی تایبەت بە وەبەرهێنان و پشتیوانی لە پیشەسازی نیشتمانی و کەرتی تایبەت کراوە، هەروەها جەختکراوەتەوە لەسەر وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی و پۆستە حکومییەکان، کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، کە پێویستە لە بودجەدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی بابەتی داهاتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئەو قەرزانەی کە لەسەریان کەڵەکە بووە، بۆئەوەی لەمساڵدا لێیان وەربگیرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی داراییدا، گفتوگۆ کراوە سەبارەت بەو مادانەی کە تایبەتن بە خواستنی فەرمانبەر لەسەر میلاکی هەمیشەیی لە نێوان وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و تاوتوێکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکان.

دوای چەندین کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستاش نەتوانراوە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی پەسەندبکرێت، کە لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییە جیاجیاکانەوە، بەتایبەت کورد و سوننەکان، ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت و داوای هەموارکردنی چەند بڕگە و مادەیەکی دەکرێت.

ع.م