سەردێڕ:

بەغدا و هەرێم لە ماوەی مانگێکدا ڕێککەوتنەکانی بواری گومرگ و بازرگانی جێبەجێ دەکەن

حکومەتى عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر زۆربه‌ی ڕێوشوێنه گومرگی و بازرگانییە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان گەیشتوونەتە ڕێككه‌وتن‌
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-19

2628 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو حکومەتى عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر زۆربه‌ی ڕێوشوێنه گومرگی و بازرگانییە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان گەیشتوونەتە ڕێككه‌وتن‌ و كۆی لێكتێگه‌یشتنەکەش له‌ چوارچێوه‌ی‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدایە، کە له‌ ١٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩دا په‌سه‌ندكراوە.

بەپێی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ په‌سه‌ندكراوانه‌، كه‌ زیاتر وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا سه‌رۆكایەتییان ده‌كات، ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندییه‌كان به‌ هێزێكی زیاتره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م جومگه‌ ئابوری و بازرگانی و سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا بەغدا هه‌ندێك ئاسانكاریی ده‌كات بۆ‌ هه‌رێم، كه‌ ڕه‌نگه‌ دیارترینیان هه‌ڵگرتنی گومرگه‌كانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بێت.

لەوبارەیەوە ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەرى گشتیی گومرگى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، دەبێت لە ماوەى مانگێکدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت.

به‌پێی حکومەتی عێراق، دەبێت سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌ نێوان هەردوولادا ڕێکبخرێنەوە و چالاکبکرێن، هەروەک تەعریفەی گومرگیی و ڕێوشوێنە مرورییەکان ڕێکبخرێنەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان دەشڵێت، لە ئێستادا لیژنەکان دەستبەکاربوون و کارەکانیان تەواوکردووە و، دەبێت خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێم و بەغداش لاببرێن.

هەر بەپێی بڕیارەکە، دەبێت كوالێتی كۆنتڕۆڵ و پشكنینه‌كانی شمه‌ك، به‌پێی ئه‌و كۆنووسه‌ی پێشتر ئیمزاكراوه، له‌ نێوان هەولێر و بەغدا یەکبخرێتەوە و بەردەوامی بە كاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌و بوارانه‌شی کە تا ئێستا كۆنووسی هاوبه‌شیان له‌باره‌وه‌ ئیمزانه‌كراوه‌، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێم ملکەچی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ند بن، به‌پێی یاسای ژماره‌ ٣٠ ساڵی ٢٠١٦ی پەرلەمانی عێراق، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و ده‌روازانه‌ له‌ دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن و به‌ شێوه‌ی ده‌وری جێگۆڕكێیان پێده‌كرێت له‌ناو هه‌رێمدا.

لەبارەى ئەو خاڵەشەوە ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەرایەتى دەروازە سنورییەکانى هەرێم و فەرمانبەرەکانى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەڕووى کارگیڕییەوە دەبەسترێنەوە بە بەغداوە، بەڵام دەسەڵاتى گومرگ سەربە هەرێم دەبێت.

هەروەها دەبێت یاسا به‌ركاره‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ به‌غدا و هەولێر له‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كاندا جێبەجێبکرێن و، ٣٠ ڕۆژیش دیاریبکرێت بۆ ڕێككه‌وتنی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ڕێوشوێنه‌كانی هاورده‌كردن.

حکومەتی عێراق بڕیاریشیداوە بە هه‌ڵگرتنی گومرگه‌كانی فایده‌، شیراوه‌، باكوری كه‌ركوك له‌گه‌ڵ له‌یلان، به‌ مه‌رجێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌سه‌ڵاتی چاودێری و وردبینیی جموجوڵه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌بێت.

هەر لە بڕیارەکەدا هاتووه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌م ئه‌زموون و خاڵانه‌ پاش شه‌ش مانگ، ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ زانینی ڕاده‌ی پابه‌ندی هه‌رێم و به‌غدا به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كانیانه‌وه،‌ كه‌ ئامانج لێی ئاسانكارییكردنه‌ بۆ هاتوچۆی شمه‌ك و یه‌كخستنی ڕسوماته‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا‌.

ع.م