سەردێڕ:

سەعید کاکەیی: ئەگەر بە قسەی گۆڕانم بکردایە دەبوو رێگریی بکەم لە نەوەی نوێ بەشداریبکات لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

سەعید کاکەیی نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆن
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-19

14076 جار خوێندراوەتەوە

سەعید کاکەیی نوێنەری گۆڕان لە ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر بە قسەی گۆڕانم بکردایە دەبوو رێگریی بکەم لە نەوەی نوێ بەشداریبکات لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا.

دەربارەی نوێنەرایەتی خۆی لە کۆمسیۆن وتی، "من تەنها کارم بۆ گۆڕان نەکردووە و، من بووم کارم کرد بۆئەوەی لە کۆمسیۆن مۆڵەت بدرێت بە نەوەی نوێ و تەڤگەری ئازادی کوردستان. من نوێنەری گۆڕان نیم و نوێنەری کوردم، گۆڕانیش داوای دەستلەکارکێشانەوەم لێ بکات دەستلەکار ناکێشمەوە."

لەسەر بابەتی ساختەکارییەکان سەعید کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، "لە پەرلەماندا بە بەڵگەوە سەلماندم ساختەکارییەکی گەورە کراوە. ئەوەی لە هەڵبژاردندا کراوە دزینی دەنگی خەڵکە و دەبێت تاوانباران سزابدرێن و بەڵگەشم دەستکەوت کە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ساختەکارییان کردووە، داوای لێبوردنەکەم دەکشێنمەوە."

وتیشی، "من بە ئەندامانی کۆمسیارانم وتووە کە بەڵگەم نییە ئێوە ساختەکاریتان کردبێت، نەک وتبێتم لە هەڵبژاردندا ساختەکاریی نەکراوە. بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نیم لەوەی وتوومە ساختەکاریی کراوە و، ساختەکاری لەڕادەبەدەریش کراوە."

ڕەخنەی لەو کەسانەش گرت کەوا هەوڵی شێواندنی کەسایەتی ئەویان داوە و ڕایگەیاند، "هەوڵێکی گەورە هەبوو بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتیی مەعنەویی من.

لەسەر بابەتی داوای لێبودنەکەی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران وتی، "دادوەران پێمان دەڵێن لە سەدا سەد ساختەکاری نەکراوە، تۆش ئێمە تۆمەتباردەکەیت، بۆئەوەی تەشەنوج دروستنەبێت لە کۆمسیۆندا و پەرتەوازەیی دروست نەبێت، بتوانین هەماهەنگی بکەین بۆ بەرژەوەندی گشتی و لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی داهاتوومان لەپێشە، بۆ پاککردنەوەی دڵی ئەو کەسانەی تۆ تۆمەتبارت کردوون بە ساختەکاری، بۆئەوەی بتوانیت لەگەڵ ئەم کەسانەدا دابنیشیت و بەشداری کۆبوونەوەکان بکەیت، دەبێت پاکانە بدەیت."

ڕاشیگەیاند، "منیش وتم لەبەرئەوەی بەڵگەی نوسراو و بنبڕم نییە لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران، ئامادەم پۆزش بهێنمەوە و پەرێزپاکییان ڕابگەیەنم و ئامادەم بە زارەکی ئەم کارە بکەم و ڕێگەشمدا بە ڤیدیۆ تۆماربکرێت."

هەر دەربارەی ڤیدیۆی داوای لێبوردنەکەی سەعید کاکەیی ڕایگەیاند، ئەم ڤیدیۆیە لە (١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩) تۆمارکراوە. لە ٢١ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی کۆمسیاران لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر گرتم و ڕۆژێک دواتر بە شێوەیەکی نایاسایی دەستلەکارکێشانەوەم بۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکە چوار کەس بوون، لەکاتێکدا دەبێت لیژنە لە ٣ کەس زیاتر نەبێت، ئەنجومەنیش دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستلەکارکێشانەوە بە کەسێک بکات.

وتیشی، "منەتم بە کەس نییە و با بڕۆن دەستلەکارکێشانەوەم بۆ بنووسن و لەم وڵاتەدا دادگا هەیە. کۆمسیۆن نیازیان پاک بوایە ئەم کارەیان بەرامبەر بە من نەدەکرد. دادگا چی بڕیارێکی دا ملکەچم، بەڵام خوێنم بڕژێ واز لە بابەتی ساختەکاری ناهێنم و وەک پێشمەرگەیەک کاری بۆ دەکەم. لەسەر ڕێبازەکەی نەوشیروان خۆم دەدەم بە کوشت."

ع.ا