سەردێڕ:

وێنەیەکی بیڵ گەیتس بە شێوەیەکی فراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە

بیل گەیتس دووەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری جیهان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-19

6696 جار خوێندراوەتەوە

وێنەیەکی بیڵ گەیتس ملیاردێری ئەمریکی، کە بە دووەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری جیهان دادەنرێت، لە سەرەی کڕینی ژەمێک خواردنی هەمبەرگر لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری سیاتلی ئەمریکا، بە شێوەیەکی بەرفراوان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.

بەگوێرەی میدیاکان، وێنەکە لە پشووی کۆتایی هەفتە گیراوە کاتێک بیڵ گەیتس لەبەردەم چێشتخانەی "Dick's Drive - In" لە شاری سیاتلی ئەمریکا لە ڕیزی وەرگرتنی خواردنەکەیدا وەستاوە، کە چاکەتێکی جەرگی و پانتۆڵێکی خۆڵەمێشی و پێڵاوێکی ڕەشی وەرزشیی پۆشیوە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو ژەمە خواردنەی کە ئەو ملیۆنێرە داوایکردووە نرخەکەی تەنها ٧ دۆلار و ٦٨ سەنت بووە.

وێنەکە سەرەتا لەلایەن فەرمانبەرێکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە بە ناوی میاک گالۆس ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی فراوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی.

گالۆس کاتێک وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، چەند وشەیەکیشی لەسەر نوسیووە کە دەڵێت، "کاتێک سامانەکەت دەگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار و گەورەترین ڕێکخراوی خێرخوازی لە مێژوو بەڕێوەدەبەیت، وەک هەمووان لە ڕیزدا دەوەستیت بۆ کڕینی ژەمێک خواردنی هەمبەرگر و پەتاتەی سورەوەکراو لەگەڵ کۆلا.. دەوڵەمەندە ڕاستەقینەکان بەو شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن."

وێنەکە لەکاتی بڵاوکردنەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ١٥ هەزار لایک کراوە و دواتریش لەلایەن ١٢ هەزار بەشداربووەوە بڵاوکراوەتەوە.

بیڵ گەیتس خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە لە بواری پرۆگرامسازی کۆمپیوتەر، سامانەکەی نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلارە و بە دووەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری جیهان دادەنرێت.

ع.م