سەردێڕ:

ئەو ئەفسەرەی ئۆتۆمبێلی هاتوچۆی لە شوێنی نەگونجاو ڕاگرتبوو سزادرا

فۆتۆ: 
2019-01-19

78234 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ڕێناس عەلی

ئەو ئەفسەرەی دوێنێ ئۆتۆمبێلی هاتوچۆی لە شوێنی نەگونجاو ڕاگرتبوو سزادرا و لە پیشەی شۆفێری دوورخرایەوە.

فازیل حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەو ئەفسەرە بڕی ٣٠ هەزار دینار لەبری پسوڵەی سەرپێچی لە موچەکەی بڕدراوە.

ڕوونیشیکردەوە، جگە لە بڕینی ٣٠ هەزار دینار لە موچەکەی لە پیشەی شۆفێری دوورخراوەتەوە و ماوەی سێ ڕۆژیش بەندکراوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ ئەفسەرێکی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە شوێنێکی نەگونجاو ئۆتۆمبێلی هاتوچۆی ڕاگرتبوو، لەلایەن هاوڵاتییەکەوە پەیامێکی وەکو پسوڵەی سەرپێچی لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی بۆ دانرا و، دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.

ئەو هاوڵاتییە لەسەر پسوڵەی سەرپێچییەکە بۆی نوسیوە، "ئەفسەری هاتوچۆی بەڕێز تکایە لە شوێنی گونجاو سەیارەکەت ڕاگرە، و دەفتەری غەرامە لای خۆتە بڕی ٣٠ هەزار بنوسە."

ئـ. فـ