سەردێڕ:

نازم دەباغ: بۆ پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لەژێر فشارداین

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-19

3221 جار خوێندراوەتەوە

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایگەیاند، بۆ پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەرپرسانی هەرێم لەژێر فشاردان.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی یۆرۆنیوز، نازم دەباغ رایگەیاندووە، لە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق، بەغدا بەرژەوەندی نیشتمانیی خۆی لەبەرچاوە بەڵام پرسی سنورەکان بابەتێکی گرنگە کە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق ڕێگە نادات لە سنورەکانییەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران.

نازام دەباغ ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر فشاردایە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاندووە، "فشار هەیە، هەم بە زارەکی و کرداریی و هەمیش بە ئاشکرا، بەڵام هەرێمی کوردستان و عێراق بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە و کاریگەری توانا و هێزی وڵاتانێکی وەک ئەمریکا و بەریتانیا سنوردارە و ناتوانن هەرچییەکیان بوێت لە هەر کات و زەمەنێکدا لە هەموو جیهان ئەنجامی بدەن".

ئەم لێدوانەی نازم دەباغ دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری شاندێکی بازرگانی سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوونەوە.

ش.ق