سەردێڕ:

حکومەتەکانی عێراق و هەرێم لەسەر رێوشوێنە گومرگی و بازرگانییەکان رێککەوتن

ژمارەیەک خاڵی گومرگیی هەڵدەگیرێن
یەکێک لە خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-19

4823 جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ندیی‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر زۆربه‌ی رێوشوێنه گومرگی و بازرگانییە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان گەیشتوونەتە رێككه‌وتن‌ و كۆی لێكتێگه‌یشتنەکەش له‌ چوارچێوه‌ی‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدایە کە له‌ ١٥ی كانونی دووه‌می ٢٠١٩دا په‌سه‌ند كراوه‌ و بووه‌ته‌ فه‌رمی.

 به‌ پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ په‌سه‌ندكراوانه‌ كه‌ زیاتر وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا سه‌روكارییان ده‌كات، ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندییه‌كان به‌هێزێكی زیاتره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م جومگه‌ ئابوری و بازرگانی و سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌ندێك ئاسانكاریی ده‌كات بۆ‌ هه‌رێم كه‌ ڕه‌نگه‌ دیارترینیان هه‌ڵگرتنی گومرگه‌كانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بێت.

 به‌پێی بریاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وەزیرانی عێراق دەبێت سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌ نێوان حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند و هه‌رێمدا رێکبخرێنەوە و چالاک بکرێن، هەروەک تەعریفەی گومرگیی و رێوشوێنە مرورییەکان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا رێکبخرێنەوە.

هەر بەپێی بڕیارەکە دەبێت كواڵێتی كۆنتڕۆڵ و پشكنینه‌كانی شمه‌ك به‌ پێی ئه‌و كۆنووسه‌ی پێشتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئیمزاكراوه، له‌ نێوان هەولێر و بەغدا یەکبخرێتەوە و بەردەوامی بە كاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌و بوارانه‌شی کە تا ئێستا كۆنوسی هاوبه‌شیان له‌باره‌وه‌ ئیمزا نه‌كراوه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریداوە، سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێم ملکەچی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ند بن، به‌پێی یاسای ژماره‌ ٣٠ ساڵی ٢٠١٦ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و ده‌روازانه‌ له‌ دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن و به‌ شێوه‌ی ده‌وری جێگۆڕكێیان پێ ده‌كرێت له‌ ناو هه‌رێمدا.

هەروەها دەبێت یاسا به‌ركاره‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كاندا جێبەجێ بکرێن و ٣٠ رۆژیش دیاری بکرێت بۆ رێككه‌وتنی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌ردوولا له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی هاورده‌ كردن.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریشیداوە بە هه‌ڵگرتنی گومرگه‌كانی فایده‌، شیراوه‌، باكوری كه‌ركوك له‌گه‌ڵ له‌یلان به‌ مه‌رجێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌سه‌ڵاتی چاودێری و وردبینی جموجوڵه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌بێت.

هەر لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌م ئه‌زموون و خاڵانه‌ پاش شه‌ش مانگ ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م پێداچوونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ زانینی ڕاده‌ی پابه‌ندیی هه‌رێم و به‌غدا به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ ئامانج لێی ئاسانكاریی كردنه‌ بۆ هاتوچۆی شمه‌ك و یه‌كخستنی ڕسوماته‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌.

ش.ق