سەردێڕ:

سەرۆکانی ئەمریکا و کۆریای باکور جارێکی دیکە کۆدەبنەوە

کۆتایی مانگی داهاتوو
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-19

916 جار خوێندراوەتەوە

سارا ساندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بڕیارە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور جارێکی دیکە کۆببنەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی کیم یۆنگ چوڵ دانوستانکاری باڵای کۆریای باکور لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا، وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بڕیارە کۆتایی مانگی شوباتی داهاتوو دۆناڵد تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون کۆببنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەوەپێشبردنی پرسی داماڵینی کۆریای باکور لە چەکی ئەتۆمی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی نێوان نێردەی سەرۆکی کۆریای باکور و بەرپرسانی ئەمریکا بووە.

تائێستا بەوردی شوێن و کاتی کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەمریکا و کۆریای باکور ئاشکرانەکراوە بەڵام پێشتر ڤیەتنام ئامادەیی خۆی بۆ میوانداریی ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕیوە.

رۆژی هەینی (١٨ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) کیم یۆنگ چوڵ دانوستانکاری باڵای کۆریای باکور بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و نیو لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆبووەوە.

١٢ى حوزەیرانی ٢٠١٨، دۆناڵد تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون بۆ یەکەم جار و لە دیدارێکی مێژووییدا لە سەنگاپورە کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا هەردوولا تەئکیدیان لە هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێ کردەوە و دۆناڵد تڕەمپیش ڕایگەیاند چەکە ئەتۆمییەکانى کۆریاى باکور بە خێرایی لەناودەبرێن، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ لە گفتوگۆکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ داماڵینی کۆریای باکور لە چەکی ئەتۆمی بەدینەکراوە.

ش.ق