سەردێڕ:

مەرجی لایەنەکانی پەیوەست بە دۆخی سوریا بۆ ناوچەی ئارام

رۆژئاوای کوردستان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-19

2640 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا، لە ئێستادا زۆربەی مشتومڕەکان بە ئاراستەی پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا چڕبوونەتەوە و هەر لایەنێکی پەیوەست بە قەیرانی سوریا بۆچوونی خۆی هەیە.

ئەو ناوچە ئارامەی، كە هەریەک لە ئەمریکا و توركیا پێداگیری لەسەر دروستکردنی دەکەن، لە ناو خاکی سوریا دەبێت بە دووریی ٣٢ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا و بە درێژایی ٤٦٠ کیلۆمەتر، کە چەند شارۆچکەیەکی سەر بەپارێزگاكانی حەلەب و  رەققە و حەسەكە دەگرێتەوە، كە زۆربەیان کوردنشینن.

سەبارەت بە دروستکردنی ناوچە ئارامەکەش، مۆسکۆ بۆچوونی خۆی هەیە و دەیەوێت ئامانج و شێوازی دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامە بزانێ و لەو چوارچێوەیەشدا سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەختی کردەوە، دەبێت دروستکردنی ناوچەی ئارام لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە سەرەوەری حکومەتی دیمەشقدا بێت.

هەر ڕوسیاش بوو پێشتر بۆ یەکەمجار توانی بە هاوکاریی ئێران و تورکیا ناوچەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە چەند ناوچەیەکی سوریا دروست بکات.

سەبارەت بە تورکیاش، دوای ئەوەی واشنتۆن گڵۆپى سوری بۆ تورکیا هەڵکرد تا هێرشنەکاتە سەر پەیەگە، لە ئێستادا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پشتگیریی بەهێز لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا دەکات، تا هەندێک ناوچەی تر هاوشێوەی عەفرین کۆنتڕۆڵ بکات، جگە لەوەش پێگەی سیاسی خۆی بەهێزبکات، بەو پێیەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی و موختارەکان لە تورکیا نزیکبووەتەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیارە ٢٣ ی ئەم مانگە هەردوو سەرۆکی ڕوسیا و تورکیا لە شاری مۆسکۆ کۆببنەوە و ئەو پرسە تاوتوێ بکەن.

لەلایەکی ترەوە حکومەتی سوریا پێکهێنانی هەموو ناوچەیەکی ئارامی لەسەر خاکەکەی ڕەتکردووەتەوە و هەرچی کوردیشە بەمەرجى ئەوەى ناوچەکە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت پشتگیریی لەدروستکردنى ئەو ناوچە ئارامە دەکات.

بیرۆکەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام سەرەتا لە سەردەمی باراک ئۆباما بوو، بەڵام نەکەوتە بواری پراکتیکەوە و ئێستا دۆنالد ترەمپ دەیەوێت جێبەجێی بکات، کە پێدەچێت ترەمپ بیەوێت هاوشێوەی ئەو ناوچە ئارامە بێت کە لەنێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ لە باکوری عێراق پێکهێنرا.

ع.ا