سەردێڕ:

چالاکانی ژنان: ژنان قوربانیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانن

چالاکانی ژنان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-18

1056 جار خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی کوردستاندا زۆربەی قوربانیی ڕووداوەکان ئافرەتانن، یەکێک لەو کەسانەش کە بووەتە قوربانی کچێکە بە ناوی ڕەوشت محەمەد کە خوێندکارێکی زانکۆی سەڵاحەدینە و خەڵکی قەزای شارەزوورە.

ئەو دەڵێت، لە چوارەم ساڵی خوێندنەکەیدا، بەهۆی کێشەی کەسوکارەکەیەوە برینداربووە و نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات، باس لەوەش دەکات، هەرچەندە سکاڵای تۆمارکردووە، هیچ ڕێكخراوێکی مافی مرۆڤ و ژنان نەچوون بەدەم کێشەکانیەوە.

لە بەشێک لەو ڕووداوانەدا کە کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، یان لە نێوان هاوسەرەکاندا ڕوویانداوە، ئافرەتان تۆمەتبارکراون بە هۆکاری کێشەکان، لەکاتێکدا ئەوان ئاگادار و هۆکاری ڕووداوەکان نەبوون.

بەشێک لە چالاکانی ژنان دەڵێن، جگە لەوەی لە ڕووداوەکاندا دەبنە قوربانی، هاوکات بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیش پشتیوانی ئەو کەسانە دەکەن کە ژن دەکەن بە قوربانی یان تۆمەتبارن بە ڕووداوەکان.

لەسەر دۆسیەی ڕەوشت محەمەد و هاوشێوەکانیان، ئێن ئاڕ تی پەیوەندیی بە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە کرد، بەڵام ئەوان ڕایانگەیاند، ئاگاداری دۆسیەکە نین و ئامادەنین قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن، تا ئەوکاتەی دۆسیەکە لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە.

ع.ا