سەردێڕ:

برێت مەکگۆرک لەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا بێدەنگی شکاند

سەرۆکی ئەمریکا بێ گفتوگۆ و وتووێژ لەگەڵ کۆنگرێس و هاوپەیمانەکانی ئەو بڕیارەی داوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-18

34305 جار خوێندراوەتەوە

برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکی کارەساتبارە و، دوژمنەکانی واشنتۆن بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەسیحی.

برێت مەکگۆرک پێیوایە داواکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانانی پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا "گەمژانەیە" لە سایەی نەبوونی هیچ هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ مەترسییەکان، کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دێنە ئاراوە و نەبوونی توێژینەوەیەکی ورد بۆ هیچکام لە سوریا و ڕێکخراوی داعش.

مەکگۆرک لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە لە شەڕی دژی داعش، ئەو دەستکەوتانەش بە هاوکاریی هاوبەشەکانی واشنتۆن بەدیهاتوون لەسەر زەوی، بەتایبەت "قوربانییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای عێراق و پێشمەرگە،" هەموو ئەوانە خوێنی خۆیان بەختکردووە.

جەختیشیکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا بێ گفتوگۆ و وتووێژ لەگەڵ کۆنگرێس و هاوپەیمانەکانی ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە دەستبەجێ هەستی بە مەترسیی ئەو بڕیارە کردووە و نەیتوانیوە بچێتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو ڕێنماییە نوێیانە و، لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دەستی لە کار کێشاوەتەوە.

سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لە ناوخۆیی خاکی سوریادا، مەکگۆرک لەوبارەیەوە وتوویەتی "ترەمپ ئەو پێشنیارەی لە تویتەرەوە بڵاوکردووەتەوە، پێدەچێت بێ هیچ لێکدانەوە و شیکارییەک درابێت، چونکە ئەو بڕیارە سەرجەم ناوچە کوردییەکان دەگرێتەوە و هیچ هێزێکی ئامادەش نییە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و چاوەڕوانیش دەکرێت، چوونە ناوەوەی هێزەکانی نزیک لە تورکیا بۆ ئەو ناوچانە ببێتە مایەی کۆچپێکردنی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەسیحی و هەڕەشە بۆ سەریان."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجامی ستراتیژی بڕیارەکەی ترەمپ دەستی بە دەرکەوتن کردووە، بە شێوەیەک تا تورکیا ناوچەکانی خۆی لە ناوخۆی سوریادا فراوان بکات، هاوپەیمانە عەرەبەکانی واشنتۆن زیاتر لە دیمەشق نزیکدەبنەوە، چونکە لەخۆڕانییە ئیمارات و بەحرەین ڕایانگەیاندووە باڵیۆزخانەی خۆیان لە دیمەشق دەکەنەوە.

برێت مەکگۆرک لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتەیە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بۆ نزیکەی دوو ساڵیش لە سەردەمی ترەمپ ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکرد، دواجار لە ڕۆژی ٢٢ی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دوای بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

ع.م