سەردێڕ:

هاوپەیمانی بنیاتنان: پرۆژە یاسایەک دەدرێتە پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا

یەکەیەکی سوپای ئەمریکا لە عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-18

3985 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی هاوپەیمانی بنیاتنان ئاشکرایکرد، نوسینەوەی پرۆژە یاسایەک تایبەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراقدا گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و، بەمنزیکانەش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت، بۆئەوەی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە بە مەبەستی پەسەندکردنی بەزووترین کات.

مەنسور بەعیجی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، کە بەشێکە لە هاوپەیمانیی بنیاتنان، ئەمڕۆ هەینی (١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویکردەوە، زۆرینەی قەوارە سیاسییەکان دەنگ بەو پڕۆژە یاسایە دەدەن، کە پەیوەندیی هەیە بە سەروەریی عێراقەوە و جۆرێک لە هاودەنگییش هەیە لە نێوان لایەنەکاندا بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە، بۆئەوەی ڕێگەبگیرێت لە هەموو ئەوانەی دەیانەوێت سەروەریی عێراق پێشێلبکەن.

بعێجی ئاشکرایکرد، پڕۆژە یاساکە دەبێتەهۆی دڵنیاییەک بۆ دەرکردنی هەر هێزێکی بیانی لەناو عێراق و چۆڵکردنی هەموو بنکە سەربازییەکان، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە هێزی شەڕکەری ئەمریکییان تێدا جێگیر کراوە، چونکە هیچ هۆکارێک نەماوە بۆ مانەوەی ئەو هێزانە لەسەر خاکی عێراق.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، پرۆژە یاساکە چەندین سەرکردەی سەربازیی پسپۆڕ بەشدارییان کردووە لە داڕشتنیدا و لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی، دوای داڕشتنەوەی کۆتایی و پەسەندکردنی، دەبێتە پاڵپشت بۆ نەمانی هیچ هێزێکی بیانی لە ناوخۆی عێراقدا، بەوانەی کە هەن یان لە سوریاوە دێنەوە، چونکە دەتوانرێت لە ڕێگەی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە وڵات بپارێزرێت و، ڕێگە بە مانەوەی یەک سەربازی بیانی نادەن لەژێر هیچ ناوێکدا.

ئاشکرابوونی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکی لەو شێوەیە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گروپی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات، هەروەها چەند گروپێکی تری عێراقی و چەند سەرکردەیەکی سیاسییش، داوایانکرد هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن.

ع.م