سەردێڕ:

بەشیر حەداد: چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە بودجەى ٢٠١٩ی عێراق پەسەندبکرێت

بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق
فۆتۆ: 
2019-01-18

4713 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە، پڕۆژەى بودجەى ئەمساڵ پەسەند بکرێت.

بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق  بە ئێن ئاڕ تى  ڕاگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە پەسەندکردنى پرۆژەى بودجە دوانەخرێت، تا کاروبارەکانى حکومەت پەکى نەکەوێت و بودجە بۆ پرۆژەکان تەرخان بکرێت.

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق وتیشى، هەوڵەکانى پەرلەمان و لیژنەى دارایی لەو بارەیەوە بەردەوامە و هیچ وادەیەک بۆ پەسەندکردنى پڕۆژەى بودجە دانەنراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە پەسەند بکرێت.

بەشیر حەداد ئاماژەى بەوەشکرد، زۆربەى داواکارییەکانى کورد لە پڕۆژەى بودجەدا جێگەى کراوەتەوە و موچەى فەرمانبەران و پارەى پێشمەرگە جێگیرکراوە، هەروەها هەڵەبجە وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵدا کراوە.

هەفتەى رابردوو پەرلەمانى عێراق کۆتایی هێنا بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەى بودجە و لە ئێستادا پرۆژەکە لەلایەن لیژنەى داراییەوە گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەى پاش گۆڕانکاریکردن لەبەشێک لە بەندەکانى بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ پەسەندکردنى.

هـ،ڕ