سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى کەموکورتییەکانى سیستمى تەندروستى هەرێم دەخاتە ڕوو

لەڕێگەی چیرۆکى هاوڵاتییەکەوە
فۆتۆ: 
2019-01-18

1985 جار خوێندراوەتەوە

هاوڵاتیەک باس لە چیرۆکی نەخۆشیی هاوسەرەکەى دەکات و دەڵێت لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەهۆی نەخۆشیەوە نزیکەى ١٠جار نەشتەرگەری بۆ هاوسەرەکەى کراوە، دواینجاریش لەلایەن پزیشکەکانەوە ماوەى ٤٨ کاتژمێر وەک وادەى چارەسەرکردنى هاوسەرەکەى دانراوە و پێویستى بە نەشتەرگەریی هەبووە، بەڵام بەهۆی هەژاریی و دەستکورتییەوە نەتوانراوە نەشتەرگەرییەکە بۆ هاوسەرەکەی بکرێت، بۆیە شەوی ١٦ى ئەم مانگە   هانای بۆ ئێن ئاڕ تى هێنا و بۆ چارەسەرکردنى خێزانە نەخۆشەکەى داواى هاوکاریی کرد.

چیرۆکى ئەم هاوڵاتیە و خێزانەکەى یەکێکە لەو نمونانەى کە ڕۆژانە لە نەخۆشخانەکانى هەرێمدا ڕوودەدەن و بەشێکى زۆر لە هاوڵاتیان بەهۆی زۆری تێچووى خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە توانای ئەوەیان نییە چارەسەرى پێویست وەربگرن.

تێچووى خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەتایبەت نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا لە کاتێکدایە هەرێم خاوەنى داهاتێکى زۆرە کە بەهۆی نەوت و داهاتى ناوخۆوە دەستى دەکەوێت، کە دەبوو بەشێکى لە خزمەتى سیستەمی تەندروستیى و هاوڵاتیاندا بەکارهێنرایە، بەڵام هاوڵاتیانى هەرێم بەردەوام بۆ نەشتەرگەرییەکانیان ناچار بەوە دەکرێن لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بڕە پارەیەک بدەن، کە زۆرجار لاى هاوڵاتیان زۆرەو بۆیان دابین ناکرێت، بۆیە پەنا بۆ خێرخوازان دەبەن.

وەک هاوڵاتیان خۆیان دەڵێن، هەندێک جار لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا سەرەڕاى وەرگرتنى پارەش، بەهۆی کەموکورتیی سیستمەکە هاوڵاتیان دەبنە قوربانى کە هەندێک جار کارەساتى دڵتەزێن و مردنى نەخۆشی لێدەکەوێتەوە.

هاوکات زۆرجاریش بەشێک لە هاوڵاتیان و بەتایبەت بەرپرسان بۆ چارەسەرى نەخۆشییەکانیان ڕوو لە وڵاتانى دەرەوە دەکەن، بەشێک لە پسپۆڕان و پزیشکانى تەندروستیش هۆکارى ئەمە بۆ نەبونی متمانە بە سیستمی تەندروستی هەرێم دەگەڕێننەوە.

بەشێک لە بەرپرسانى تەندروستیش دان بەوەدا دەنێن سیستمى تەندروستیى لە هەرێم بێ گرفت کەموکورتى نییە  وهەندێک جار قەیرانى دارایی بەهۆکارى سەرەکی وەرگرتنى پارە لە نەخۆش دەزانن.

پێچەوانەى هەرێم، لە بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق سیستمی تەندروستیى بەجۆرێک ڕێکخراوە کە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا لەبەرامبەر نەشتەرگەریی و خزمەتگوزارییەکانى دیکە هیچ بڕە پارەیەک لە نەخۆش وەرناگیرێت.

هاوکات لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا بەهۆی بوونى بیمەى تەندروستیی و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە و پێشکەوتنى سیستمەکەوە هاوڵاتیان زیاتر پەنا بۆ نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیە حکومییەکان دەبەن، نەک نەخۆشخانە ئەهلییەکان.