سەردێڕ:

کەلار.. به‌شی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانەی ‌ئۆتۆمبێل ده‌كرێته‌وه‌

به‌شی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانەی ‌ئۆتۆمبێل له کەلار ده‌كرێته‌وه‌
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-18

1916 جار خوێندراوەتەوە

به‌شی ئاڵوگۆڕی خاوه‌ندارێتی و نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ ئۆتۆمبێل، کە تائێستا له‌ گه‌رمیاندا نه‌بوو ‌و ته‌نها له‌ ناوه‌ندی پارێزگاكاندا هەبووە‌، به‌ڵام بە فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆ و له‌سه‌ر داواكاری هاتوچۆی گه‌رمیان ئه‌و به‌شه‌ له‌ كه‌لار ده‌كرێته‌وه‌.

 به‌رپرسانی هاتوچۆ ده‌ڵێن، دوای کردنەوەی ئەو بەشە پێویست ناكات هاوڵاتییان بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ یاخود ئاڵوگۆڕی خاوه‌ندارێتی ئۆتۆمبێله‌كانیان، بچنه‌ پارێزگاكانی دیکە هه‌رێم و دەتوان لە کەلار ڕێکارە یاساییەکان تەواوبکەن.

 كارزان مه‌جید به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گه‌رمیان دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا دەستدەکەن بە هەنگاوى کرداری بۆئەوەى کارەکانى ڕاییکردن تەواوبێت.

 شێركۆ پیشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هه‌یه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت مانگانه‌ ٣ بۆ ٤ جار بۆ ئاڵوگۆڕی خاوه‌ندارێتی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی مامەڵەیان پێوەدەکات، سه‌ردانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ولێر ده‌كات، ئەوەش جگه‌ له‌ مه‌ترسی ڕێگاوبان، تێچوویەکی زۆری هەیە، داواشدەکات له‌ زووترین كاتدا ئه‌و به‌شه‌ له‌ هاتوچۆی گه‌رمیاندا بكرێته‌وه‌.

 ساڵانه‌ هه‌زاران هاووڵاتی له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی خاوه‌ندارێتی ئۆتۆمبێل و نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌، ده‌چنه‌ پارێزگاكانی دیکە، به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گه‌رمیان، ته‌نها له‌ ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر له‌ ١٢ هه‌زار و ٨٠٠ كه‌س، بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه ‌و ئاڵوگۆڕی خاوه‌ندارێتی ئۆتۆمبێل له‌ سنووری گه‌رمیانه‌وه‌، سه‌ردانی پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانییان كردووه‌.

 ئ.ر