سەردێڕ:

دژه‌ تیرۆرى کوردستان دەستگیرکردنى دوو ئه‌ندامی داعشی له‌ هه‌ولێر ڕاگەیاند

دەستگیرکردنى دوو ئەندامى داعش ڕاگەیەنرا
فۆتۆ: 
2019-01-17

15677 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى دژە تیرۆرى سەربە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنى دوو ئەندامى گروپى داعشی لە هەولێر ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەى دژە تیرۆرى کوردستان ئەوە ئاشکراکراوە، به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیاری و پاش چاودێریکردنی ورد و له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ر له‌ ڕۆژى ١٦ی کانوونى دووەمى ٢٠١٩، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێکدا  دوو ئه‌ندامی گروپێكی داعشیان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستگیركردووە به ‌ناوه‌کانی، (ئەحمەد ئیبراهیم ئەحمەد جەدیع) و (قەحتان عەلى ئەحمەد جەدیع).

دژە تیرۆرى کوردستان ئاماژەى بەوەش کردووە، "تاوانباران له‌ به‌شی ئه‌منی گرووپی تیرۆریستيی داعش کاریانکردووه‌."

ئەوەشی خستەڕوو، "هه‌ر له‌و ئۆپەراسیۆنه‌دا شەش گومانلێکراو به ‌كارى تيرۆر ده‌ستگیرکران و، سه‌رجه‌م ده‌ستگيركراوان ڕێكارى ياساييان له‌گه‌ڵدا ده‌گيرێته‌به‌ر."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ناوبەناو چەند چەکدارێکى داعش لە سنورى خانەقین و کەرکوک و دوزخورماتوو هێرش دەکەن و هاوڵاتییانى کورد و عەرەب دەڕفێنن.

ئ.ر