سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامەى هەرێم لە مانگی شەشی ئەمساڵ دادەخرێت

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17

9146 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێم هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامەی هەرێم دادەخرێت و هاوڵاتییان تەنها دەتوانن مامەڵەی کارتی نیشتمانی بکەن.
کەیفی عومەر بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارەی لە بەغدادەوە بۆیان هاتووە لە مانگی شەشی ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامەکەیان دادەخرێت و هاوڵاتییان تەنها کارتی نیشتمانییان پێ دەدرێت و داواش لە هاوڵاتییان دەکەن سەردانی فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی بکەن چونکە تا ساڵی ٢٠٢٣ دەبێت سەرجەم هاوڵاتییان خاوەنی ئەو کارتەبن.
هەرچەندە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم لە ئێستادا فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی گرفتی نەبوونی ئینتەرنێتی پێویست و پێداویستییەکانی دیکەیان هەیە، بەڵام کارکردن لە دروستکردنی ئەو کارتە بەردەوامە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا لە هەرێمی کوردستان ٣٥٨ هەزار و ٦٨١ هاوڵاتی کارتی نیشتمانییان وەرگرتووە و لەمساڵیشدا بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارتی نیشتمانی لە شار و قەزا و نەحیەکاندا کارەکانیان زیاتر دەکەن، تا زۆرترین هاوڵاتی بتوانێت ببێت بە خاوەنی کارتی نیشتمانی.
لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ جگە لە وەرگرتنی کارتی نیشتمانی لەلایەن هاوڵاتییانەوە ٤١١ هەزار و ٤٧٤ پاسپۆرتیش بە هاوڵاتییان دراوە و زیاتر لە ٥٥ هەزار ڕەگەزنامەش دراوە بە هاوڵاتییان.
ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کارتی مانەوە بە هاوڵاتییانی دەرەوەی هەرێم دراوە و، بەشێک لە مامەڵەکانی پاسپۆرت و کارتی نشینگەش ڕەتکراونەتەوە.

ئ. ف