سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. بەهۆی بەفر و بارانەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی دروستبووە

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17

17361 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی، کۆیە، خالید محەمەد

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارین و بەفرەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگای هەولێر سلێمانی و لە نزیک سماقۆڵی دروستبووە و هاتوچۆش داوا لە شۆفێران دەکات ئەو ڕێگایە بەکارنەهێنن.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان لە سەر رێگای هەولێر و لە نزیک سماقۆڵی گرفتیان بۆ دروستبووە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی تا ئێستا هیچ تیمێکی بەرگری شارستانی و ڕێگاوبان نەرۆشتوون بۆ هاوکاری هاوڵاتییان و  پاککردنەوەی ئەو رێگایە.

لەلایەکی دیکەوە، بەردەوامی بارانبارین و بەرزبونەوەی ئاوی بەنداوی سماقۆڵی جارێکی دیکە بووەتە هۆی ئاستەنگی هاتوچۆ و ئۆتۆمبێلە نزمەکان نەیانتوانیوە تێپەڕن.

زاهیر محمد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند بەهۆی زۆری باران بارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی سماقوڵی لەئێستا ناتوانرێت  کێشەکە چارەسەر بکرێت.

ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا شوفێران دەتوانن لەبری ڕێگای سماقوڵی هەریەکە لە ڕێگاکانی شەقڵاوە ـ سکتان و دێگەڵە ـ کۆیە بەکاربهێنن.

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بارانبارین، لە چەندین ناوچەی کوردستان ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان دروستبووە و چەندین جار ڕێگای نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر  و سلێمانی و گەرمیان ئاستەنگی بۆ دروستبووە.

ئ. ف