سەردێڕ:

سەعید کاکەیی نوێنەری گۆڕان لە کۆمسیۆنی عێراق: داوای لێبوردن دەکەم و رایدەگەیەنم کە هیچ بەڵگەیەک نیە کە بیسەلمێنێت لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاردا تەزویر کراوە

سەعید کاکەیی نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆنی عێراق
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17

28003 جار خوێندراوەتەوە

سەعید کاکەیی نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆنی عێراق لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردن لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەکات و رایدەگەیەنێت هیچ بەڵگەیەک نیە بیسەلمێنێت لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ ی ئایاردا ساختەکاریی کراوە.

وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت سەعید کاکەیی لە بەردەم بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا داوای لێبوردنەکەی پێشکەش دەکات کە هیچ بەڵگەیەکی نییە بۆ سەلماندنی ساختەکاریی و گەندەڵیی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران.

هەرلە داوای لێبوردنەکەیدا دەڵێت، " ئێوە بێبەری دەکەم کە هیچ یەکێک لە ئێوە لەلایەن منەوە بە کاری ساختەکاری و گەندەڵی تۆمەتبار نییە، چونکە هیچ بەڵگەیەکم لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەندامانی کۆمسیۆن نییە."

دەشڵێت، "داوای لێبوردن دەکەم کە هەندێک خەڵک لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و فشارە سیاسییەکانەوە دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد."

سەعید کاکەی لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨) کە تایبەت بوو بە هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردن بەشداری کرد و باسی لەو ساختەکارییانەکرد کە لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراون.

سەعید کاکەیی دوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو رایگەیاند، له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا (١٤٦٨) سكاڵای لایه‌نه‌كان له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماركراوه‌، پارێزگای سلێمانی به‌رزترین ڕێژه‌ی سكاڵا تۆماركردنی هه‌بووه‌ كه ‌بریتیه‌ له‌ (٤٥٠) سكاڵا به‌ڵام هیچ كام له‌و سكاڵایانه‌ نه‌چونه‌ته‌ خانه‌ی سوره‌وه‌، و‌ سكاڵای لایه‌نه‌كان هه‌مووی ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ندامانی كۆمسیاران له‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌ترسن.

رۆژی (١٦ی ئایاری ٢٠١٨) کۆمسیۆن رایگەیاند، لایەنێکی سیاسی هەڕەشەی کوشتنی لە سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و خێزانەکەی کردووە وسەعید کاکەیش ئەو زانیارییانەی کۆمسیۆنی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو ڕاگەیەندراوەی کۆمسیۆن بڵاویکردووەتەوە سەرلەبەری  پڕۆپاگەندە و درۆیە  و دوورە لە ڕاستی".

ع.ا