سەردێڕ:

ھەڵەبجە.. زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەت بینای پێویستیان نییە و کرێچین

ھەڵەبجە.. زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەت بینای پێویستیان نییە و کرێچین
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17

920 جار خوێندراوەتەوە

زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەت لە هەڵەبجە بینای پێویستیان نییە و کرێچین، ئەوەش لە کاتێکدایە بینای بارەگاکانی ژمارەیەک لە حزبەکان موڵکی حکومەتن و ئەو حزبانەش ئامادەنین بیناکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.

لەدوای بڕیاری بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، مانگ بە مانگ و ساڵ بەساڵ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی نوێی حکومەتی ھەرێم و عێراق بڕیاری کردنەوەیان دەدرێت، بەڵام کێشەی نەبوونی بینا و تەواونەبوونی پڕۆژەکان لەم شارە گرفتی بۆ زۆرێک لە فەرمانگەکان دروست کردووە، حکومەتیش فەرمانگە نوێیەکان و بەشێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی پێشووتریش لە خانووی کرێدا نیشتەجێ کردووە، بەجۆرێک لەئێستادا نزیکەی ٣٥ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی حکومەت ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دینار دەدەن، بە کرێی ئەو خانوانەی کە تێیدا نیشتەجێ بوون.

کرێچی بوونی بەشێک لە فەرمانگەکانی حکومەت لە ھەڵەبجە لە کاتێکدایە، زۆرێک لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و دروستکردنی بینا بۆ فەرمانگەکان کە لە ‌ماوەی ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ حکومەت پارەی بۆ تەرخان کردون، ھەرچەندە لەم کاتەدا کارکردن لە چەند بینایەکیان دەستی پێکردووە، بەڵام تائێستا ئەو بینایانە بۆ فەرمانگەکان تەواونەکراون.

لەپاڵ کرێچێتی بەشێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی حکومەت، ژمارەیەک لە حیزبەکان بینای بارەگاکانیان موڵکی حکومەتە و ئامادەنین بیگەڕێنەوە بۆ حکومەت، ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراقی بڕیاری کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ ھەڵەبجە دەرکردووە، کەچی کێشەی نەبوونی بینا و کەلوپەلی پێویست بۆتە گرفت لەبەردەم کردنەوەیاندا.

ش.ق