سەردێڕ:

سلێمانى.. باڵیۆزی بەریتانیا سەردانى ماڵی نەوەیەکی شێخ مەحمودی کرد

فۆتۆ: 
2019-01-17

42519 جار خوێندراوەتەوە

بەریتانییەکان چوونە ماڵی نەوەیەکی شێخ مەحمود و لە ژێر وێنەکەیدا دانیشتوون، ئەمە دیمەنە لەلای بەشێک لە هاوڵاتیان سەرنج ڕاکێش بوو، لە کاتێکدا ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا، بەریتانییەکان دژایەتی شێخ مەحمودیان کرد.

جۆن وێڵکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێک لە دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چوونە ماڵی مەحمود حەفیدزادە، یەکێک لەنەوەکانی شێخ مەحمود و گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێک کردووە.

یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی کۆیە، کە چەند  لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر حومکڕانی شێخ مەحمود و ململانێی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت بەهۆی ویستی شێخ محمودەوە بۆ سەربەخۆیی ئینگلیزەکان دژایەتییان کردووە و کۆتاییان بە حکومڕانیەکەی هێناوە.
لەماوەی ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٢ شێخ مەحمود دوو حکومەتی لە سنووری شاری سلێمانی و دەوروبەری پێکهێنا، لە شەڕی دەربەندی بازیاندا لە ساڵی ١٩١٩ شێخ مەحمود بەهۆی ڕوبەڕوبوونەوەی ئینگلیزەکانەوە برینداربوو، هەردوو حکومەتەکەشی هەر لەلایەن بەریتانییەکانەوە ڕوخێندرا.

شێخ مەحمود کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی کاک ئەحمەدی شێخە لە ساڵی ١٨٨١دا لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٥٦ دا کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاک سپێردراوە.

ئ. ف