فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17
20836 جار خوێندراوەتەوە
دوو خوشکی تاریق بە گریانەوە باس لە بێسەروشوێنبوونی براکەیان دەکەن، کە نزیکەی مانگێکە بێسەروشوێنە و چارەنووسی نازانن.
کەسوکارەکەی بێهیوابوون، لەوەی هێزە ئەمنییەکان چارەنووسی تاریق ڕۆستەم ئاشکرابکەن و لەبەردەم مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا گردبوونەوە و داوایانکرد، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکرێت و چارەنووسی کوڕەکەیان دیاریبکرێت.
تاریق خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە و تەمەنی ٤٠ ساڵە و کاری میوەفرۆشتنی کردووە، دوای دیارنەمانیشی کەسوکارەکەی سکاڵای یاساییان لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار تۆمارکردووە.
سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر دیارنەمانی ئەو هاوڵاتییە بەردەوامە و داواشیان لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن کردووە، دوایین زانیارییان لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەو هاوڵاتییە ڕادەستبکەن.
بە وتەی کەسوکارەکەی، تاریق بە ئۆتۆمبیلەکەیەوە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، دیارنەماوە و کێشەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ کەسدا نییە و ناشزانن هۆکاری بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەیان چییە.
ع.م