سەردێڕ:

هەسەدە پشتیوانى لە دروستکردنى ناوچەى ئارام دەکات لە باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا

هێزەکانی سوریای دیموکرات داوای دڵنیایی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-16

2682 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانى سوریاى دیموکرات پشتیوانی لە دروستکردنى ناوچەى ئارام دەکەن به‌و مه‌رجه‌ی له‌ژێر دڵنیایی نێوده‌وڵه‌تیدا بێت كه‌ هه‌موو پێكهاته‌ و ئه‌تنیكه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ مه‌ترسیی قڕكردن بپارێزرێن

لە ڕاگەیەنراوێکیدا هەسەدە ئاماژەى بەوەکردوە، هێزەکانیان پشتیوانی لە دروستکردنى ناوچەى ئارام دەکەن به‌و مه‌رجه‌ی له‌ژێر دڵنیایی نێوده‌وڵه‌تیدا بێت، كه‌ هه‌موو پێكهاته‌ و ئه‌تنیكه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ مه‌ترسیی قڕكردن بپارێزرێن و ڕێ له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی بگیرێت.

ئەوەش هاتووە، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركی خۆیدا دژ به‌ تێرۆری داعش هاوكاری هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی کردوە و خەباتى گەورەى کردوە و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوە و هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی باكوور و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌ته‌واوی دەپارێزێت.

جەخت لەوە دەکەنەوە هەرێمەکانى ئەوان‌ تاكه‌ هه‌رێمن هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا پێكه‌وه‌ ده‌ژین و مه‌ترسی نین‌ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی دراوسێ به‌تایبه‌تی بۆ توركیا.

لە کۆتاى ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هیوادارن‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌رییه‌ك كه‌ ئاسایشی ناوچه‌كانی سه‌ر سنوور مسۆگه‌ر بکرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لەمیانی وتارێکدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەکەی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەرێنییان لەگەڵ تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، تێیدا باسیان لە ڕەوشی سوریا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیوەندییەکەدا باسیان لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا و سوریا، لەلایەن تورکیاوە، کردووە.

ع.م